ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕاپۆرتێکی ئاماری سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیانی کوردی لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤دا بڵاو کردەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم مانگەدا لانیکەم ٣٤ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر و ٨ زیندانی بە ٣٥٣ مانگ زیندان مەحکووم کراون.
جگە لەوەش لانیکەم ١٢ کۆڵبەر کوژراو، بریندار و دەستبەسەرکراون. لەم ژمارەیە "هەژیر مەحموودپوور" و "ئەرکان باڵواسە" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوور پارێزەکان کوژراون و ٨ کۆڵبەریش بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار کراون.
هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤، لانیکەم ١٠ کرێکار لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداوی کار بوونە و گیانیان لەدەستداوە و هاوڵاتییەک بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەستداوە.
ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هانا هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی مانگی ژوئەندا لانیکەم ٣١ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتووە. لەم ڕاپۆرتەدا بە هۆشداری سەبارەت بە ڕێژەی بەرزی خۆکوشتن لە مانگی ژوئەندا هاتووە: "ئەم دیاردە دڵتەزێنە ئاماژەیە بە بوونی کێشەی جددی لە کۆمەڵگادا کە لەوانە دەتوانین بە نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان، فشارە ئابوورییەکان، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، و هەروەها نەبوونی ئاسایشی دەروونی و گیانی ئاماژە بکەین. ئەم هۆکارانە دەستیان بە دەستی یێک داوە بۆ دروستکردنی هەلومەرجێک کە مرۆڤ بەرەو ڕێوشوێنی نائومێدانە وەک خۆکوشتن دەبات. ئەم ئامارانە نیشاندەری پێویستی بەپەلەی گرنگیدان و کردەوەی جددی لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی لە کوردستاندایە.
تێبینییەکەت بنووسە