حورا نیکبەخت، وەشانکار، مامۆستای زانکۆ و لە چالاکانی مافی ژنان حەفتەی ڕابردوو لە تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی (١٢ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، حورا نیکبەخت، وەشانکار و بەڕێوەبەری دەزگای بڵاوکردنەوەی «مەشقی یەکسانی» دوای بانگکران بۆ "شوێنە ئینتزامییەکان" لە تاران دەستبەسەر کرا.
حورا نیکبەخت پێشتر بەڵگەی بانگکرانەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" بڵاو کردبووە و لەو بەڵگەدا هاتبوو کە ناوبراو بە «سووکایەتیکردن بە خامەنەیی» و «بانگەشە دژی نیزام» تۆمەتبار کراوە.
ئەو مامۆستا و چالاکە ناسراوەی بواری مافەکانی ژنان، دوای بانگکران و دەستبەسەرکرانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤینی تاران گواستراوەتەوە.
تێبینییەکەت بنووسە