بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆفی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەرانی ١٤٠٣ی هەتاوی (٢٠ی ژوەن) هێزە ئینتیزامییەکانی سەربازگەی «چشمەسفید»ی شاری نوورئاوای پارێزگای لوڕستان، لە گوندی «گۆیژە»ی نوورئاوا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی شوکرڕەزا ڕەحمانی و یەکێک لە ئەندامای هێزەکە تەقەی لە سەری کچە ١٨ ساڵانەکەی ئەم بنەماڵەیە بە ناوی ڕازیە ڕەحمانی کرد و کوشتی.
کەسێکی نزیک لەم بنەماڵەیە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەران (٢٠ی ژوەن) هێزە ئینتیزامییەکانی سەربازگەی «چشمەسفید»ی نوورئاوا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە گوندی «گۆیژە» هێرشیان کردە سەر ماڵی شوکرڕەزا ڕەحمانی و ئەندامێکی ئەو هێزە تەقەی لە سەری یەکێک لە مناڵەکانی ئەو بنەماڵەیە بە ناوی ڕازیە ڕەحمانی کرد و ئەم کچە ١٨ ساڵەیەی کوشت».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «هێزەکان بە بیانووی دۆزینەوەی مادەی هۆشبەرەوە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکە و لە کاتێکدا کە دەمەقرە لە نێوان ئەندامانی بنەماڵە و ئەواندا دروست ببوو، پۆلیسێکی ئینتیزامی بە دەمانچە تەقەی لە سەری منداڵەکە کرد کە فیشەک بەر سەری کەوت و دەسبەجێ کوژرا».
تێبینییەکەت بنووسە