وتەبێژی "بنکەی هەڵبژاردنی ئێران" ڕۆژی دووشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی ڕایگەیاند کە دەوڵەتی کەنەدا ڕازی نەبووە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئێران بۆ ئێرانییەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت و ٣٤٤ بنکە بۆ کۆکردنەوەی دەنگی هاووڵاتیانی ئێرانی لە وڵاتانی دیکە کراوە دەبن.
مۆحسێن ئیسلامی، وتەبێژی "بنکەی هەڵبژاردنی ئێران" لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "لە کەنەدا مۆڵەتی هەڵبژاردن لە لایەن دەوڵەتی پەیوەندیدارەوە دەرنەکراوە و هەڵبژاردن لەوێ بەڕێوەناچێت، بەڵام لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. دەنگدەران بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەچنە بنکەکان و بە پاسپۆرتەکانیانەوە دەنگ دەدەن".
کەنەدا لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە سەردەمی دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئێستیڤن هارپەر، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند.
ئەمە یەکەمجار نییە کە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئێران لە کەنەدا دژایەتی دەکرێت. دەوڵەتی کەنەدا پێشتریش لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، مۆڵەتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ئێرانییەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتەی دەرنەکردبوو. کەنەدا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆچبەرانی ئێرانی تێیدا دەژین.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاودەکرێتەوە کە حەفتەی ڕابردوو دەوڵەتی کەنەدا، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستە ناو لیستی " گرووپە تیرۆریستیەکان".
تێبینییەکەت بنووسە