لە بەیانەی ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەرەوە پڕوسەی دەنگدانی ١٤هەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران دەستی پێکرد. زاینارییەکان بریتن لە بەشداری لاوازی هاووڵاتیان لە پڕۆسەی دەنگداندا. زۆرینەی سیاسەتمەدارانی ناوخۆ بەشداریان کردووە لە هەڵبژاردندا، بەڵام دەگوترێت کە میرحوسەین موسەوی و مەولەوی عەبدولحەمید بەشدارییان لە هەڵبژاردندا نەکردووە.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هەر زوو بەیانی لە تاران چووە بنکەیەکی دەنگدان و بەشداری لە هەڵبژاردندا کردو دەنگی خۆی خستە سندۆقی دەنگدانەوە. خامنەیی داوای لە خەڵک کرد کە دەنگ بدەنەوە و وتی کە هۆکارێک نابینێت بۆ بەشدارنەبوون.
هەروەها سەرجەمی کاندیدەکانی و بەرپرسانی پێشوو و ئێستای کۆماری ئیسلامی چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگیاندا. بەڵام میرحوسەین موسەوی، دوواین سەرۆکوەزیرانی کۆماری ئیسلامی و لە ڕێبەرانی بزوتنەوەی سەوز دەنگی نەداوە. هەروەها دەگوترێت کە مەولەوی عەبدولحەمیدیش دەنگی نەداوە.
لە بەرامبەردا ئەو وێنە و دیمەنانەی بڵاوبوونەتەوە، دەریدەخەن کە هاووڵاتیان شار و پاریزگا جیاوازەکان بەڕێژەیەکی یەکجار کەم و دوور لە چاوەڕوانی بەشداریان کردووە و شیمانە دەکرێت ڕێژەی بەشداری یەکجار لە خووارێ بێت.
گرتە ڤیدیۆییەکان لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، سەقز، سەردەشت، مەریوان، بانه، سنە، دیواندەرە، کرماشان، ئیلام، ئاودانان، مێهران، دێهڵۆڕان و ... نیشانی دەدەن کە هاووڵاتیانی کورد پێشوازیان لە سندوقەکانی دەنگدان نەکردووە.
لە کۆتاییدا بڕیارە یەکێک لە "سەعید جەلیلی، موحەممەد باقر قالیباف، مستەفا پورمحەممەدی یا مەسعود پزیشکیان" ببنە چوواردەهەمین سەرۆککۆماری ئێران، ئەگەر ئەمڕۆ کەس نەتوانێ زیاتر لە سەدا پەنجای دەنگەکان بەدەست بخات، ئەوە دوو کەسی یەکەم دەچنە خوولی دووهەمی هەڵبژاردن.
ئەوە لە کاتێک دایە کە وەزارەتی ناوخۆی ئێران، کاتی بەشداری لە هەڵبژاردنیدا تا کاتژمێر ٢٠:٠٠ درێژ کردووەتەوە.
تێبینییەکەت بنووسە