ئیدریس ئاڵی، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت نزیک بە سێ مانگە کە لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە. ئەم سزایە بە پێی دانپێدانانی زۆرە ملێ و لە ژێر گوشاری ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دژی ناوبراو دەرکراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیدریس ئاڵی، تەمەن ٣١ ساڵ و باوکی دوو منداڵ لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسڕائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
ئیدریس ئاڵی نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدرانەوە لە سەردەشت دەستبەسەر کراو و لە کۆتاییدا بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ورمێ گواستراوەتەوە.
دۆسیەکەی ئیدریس ئاڵی دوای ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سزای سێدارەکەی بۆ دیوانی باڵای وڵات نێدرایەوە، ناوبراو تاکوو ئێستا لە مافە سەرەتاییەکان وەکوو دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
جێی ئاماژەیە کە ئەم دۆسیەیە سەرەڕای ئیدریس خاڵی، چوار تۆمەتباری دیکەی هەیە کە هەموویان دوای ماوەیەک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
تێبینییەکەت بنووسە