close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
بەندکراوان

زیندانیانی بەندەکانی ئەمن و تایبەتی زیندانی ناوەندیی ورمێ: بە هانامانەوە بێن

۳ جۆزەردانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
زیندانی ناوەندی ورمێ
زیندانی ناوەندی ورمێ

ژمارەیەک لە زیندانیانی بەندەکانی ئەمن و تایبەتی زیندانی ناوەندیی ورمێ کە لە دۆخی دژواری ئەم بەندانەدا ڕاگیراون، لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ڕێکخراوەی زیندانەکانی ئێران و دامەزراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ، باسیان لەوە کردووە کە هەندێ لە زیندانییەکان لەژێر گوشاری دۆخی دژواری ئەم دوو بەندەدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەندەکانی ئەمن و تایبەتی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە تەنیشت ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم زیندانەدان. ئەم بەندانە دوو ژووری بچووکی ٣٠ مەترین کە هەر ژوورێک بۆ ١٠ کەس دروست کراوە، بەڵام ژمارەی بەندکراوان دووهێندەیە. زیندانیانی ئەم دوو بەندە بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان و بە مەبەستی سزادان ڕەوانەی ئەو بەندانە کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا نامەی سەرئاوەڵای زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێی بڵاو کردبۆوە کە داوای دوورخستنەوەی پەیمان خانزادەی سەرۆکی ئەو زیندانەیان لە پۆستەکەی کردبوو.

لە درێژەدا نوسخەیەک لە «نامەی ژمارەیەک لە زیندانیانی بەندەکانی ئەمن و تایبەتی زیندانی ناوەندیی ورمێ» بخوێننەوە کە بە مەبەستی بڵاوکردنەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە:

ئێمەی بەندکراو لە بەندەکانی ئەمن و تایبەتی زیندانی ورمێ داوا دەکەین بە هانامانەوە بێن!

ئێمە وەک ژمارەیەک لە زیندانیانی بەندەکانی ئەمن و تایبەتی زیندانی ناوەندیی ورمێ ئاگادارتان دەکەینەوە کە لەم زیندانەدا بەندێکی نهێنییان بە ناوی بەندی تایبەت دروست کردووە، هەڵبەت بەند نییە بەڵکوو دوو ژووری ٣٠ مەترییە کە یەکیان ناو نراوە بەندی ئەمن و ئەوی تریان بەندی تایبەت.

زیندانیانی ئەم دوو بەندە لە مافی دیدارکردن بێبەش کراون و تەنها لە بەندی ئەمندا و بە شێوەیەکی سنووردار دەرفەتی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەیان پێ دەدرێت. ئێمە بە شێوەی نایاسایی لەم بەندانەدا ڕاگیراوین. لە ناوماندا کەسانێک هەن کە ماوەی ٦ مانگە گوازراونەتەوە بۆ ئێرە. بنەماڵەکانمان زۆر نیگەرانمانن و ئێمەیش لەوان بێ ئاگا و بێخەبەرین. جیا لە پاسەوانەکانیش هیچ بەرپرسێک سەردانی ئێرە ناکات. هەرکام لە ئێمە بە هۆی ڕاپۆرتێکی هەڵبەستراوی زیندانەوە و بۆ سزادان ڕەوانەی ئێرە کراوین و نازانین ماوەی مانەوەمان لێرە چەنێک و تا کەیە. چەندەها جار داوای دیدارمان لەگەڵ سەرۆکی زیندان کردووە بەڵام هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە. هەندێ لە زیندانییەکان لەژێر گوشاری دۆخی دژواری ئەم بەندەدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. ئێمە هیوامان بە ژیان لە دەست داوە و بگرە پێمان وایە ئاسوودەیی لە مردندایە. ئایا ئێمەی زیندانی مافی ژیانکردنمان نییە؟ ئایا ژیان بۆ ئێمە کۆتایی هاتووە؟ کەسانێک کە بەرەنگاری ئەم دۆخە دەبنەوە بە توندی لە لایەن پاسەوانانی زیندانەوە ئەشکەنجە دەدرێن و تەنانەت پزیشکیش سەردانی ئێرە ناکات بۆ ئەوەی دەرمانمان بکات.

ئەم دوو بەندە هێندە قەرەباڵغن کە شوێنێک بۆ خەوتن نەماوەتەوە، هەر بۆیە داوا لە بەرپرسانی ڕێکخراوەی زیندانەکانی ئێران دەکەین چاودێرێک بنێرن تاکوو بە چاوی خۆی دۆخی ئێمە ببینێت. لێتان دەپاڕێینەوە بە هانامانەوە بێن. ئێمە ئیدی توانای خۆمان لە دەست داوە. هەروەها لە نێردراوی تایبەتی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکەین دەنگی ئێمەی بەندکراوانی بەندەکانی ئەمن و تایبەتی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە گوێی خەڵک و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بگەیەنێت. داوا لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤیش دەکەین ئاوڕ لە مافەکانی ئێمە بدەنەوە، چونکوو ئێمەی بەندکراو لەم دوو بەندەدا لە هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانی زیندان بێبەش کراوین.

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

مامۆستایەک بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی وێنەی گیان‌ بەختکردووانی ناڕەزایەتییەکان سزا دەدرێت

۳ جۆزەردانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
مامۆستایەک بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی وێنەی گیان‌ بەختکردووانی ناڕەزایەتییەکان سزا دەدرێت