تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٣ی جۆزەردان لە دارولسەلامی مەقبەرەی "ئیمام ڕەزا"ی شاری مەشهەد بە خاک سپێردرا.
ئیبراهیم ڕەئیسی هەشتەمین سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری کە بۆ کردنەوەی بەنداوێک چووبوونە شاری وەرزەقان ڕۆژی ٣٠ی بانەمەڕ بەهۆی بەربوونەوەی کۆپتەرەکەیان لە پاریزگای ئازەربایەجانی ڕۆژهەڵات کوژران. لەو ڕووداوەدا حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ئێرانیش کوژرا. ناوبراویش هەر ئەمڕۆ لە شاری رەی ئەسپاردە کرا.
تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی دووای دۆزرانەوەی لە شارەکانی تەورێز، قوم، تاران و بیرجەند لەلایەن لایەنگرانی حکومەتەوە پێشوازی لێکرا.
هەروەها تەرمی دوو کەسی دیکە لە کوژراوەکان لەوانە مالک ڕەحمەتی پاریزگاری پارێزگای ئازەربایەجانی ڕۆژهەڵات و مەهدی موسەوی سەر تیمی پاسەوانەکانی سەرۆککۆماری ئێران لە شاری مەشهەد بە خاک سپێردران.
ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی ئێران دەڵێن کە بەرپرسانی ٦٠ وڵاتی جیهان لە مەراسیمی پرسە و بەخاک سپارادنی ڕەئیسیدا بەشداربوونە.
کوژرانی ڕەئیسی بوو بە مایەی خۆشحاڵی بەشێکی بەرچاو کە ئێرانییەکان، بە تایبەتی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
هەندێک لە چالاکڤانانی مافی مرۆڤیش داخیان دەربڕیوە کە مردنی ڕەئیسی بووەتە هۆکاری ئەوەی کە نەتوانرێ بە خاتری ئەو "جینایەتانەی کە کردوویە" بدرێتە دادگا. ڕەئیسی لەلایەن قوربانیان پێشلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران و چالاکانی مافی مرۆڤەوە نازناوی "قەساب"ی پێدرابوو.
ناوبراو تاوانبار بوو بەوەی ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە سەرکووتی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها لە سێدارەدانی ناڕەزاییان لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا.
تێبینییەکەت بنووسە