لە دووەم ڕۆژی ناونووسی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی خولی چواردەهەمی سەرۆک کۆماری، "عەلی لاریجانی" ئەندامی کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام و یەکێک لە کەسایەتییە بنەماخوازەکان، بە ئامادەبوون لە وەزارەتی ناوخۆ، بۆ هەڵبژاردنەکان نانووسی کرد.
عەلی لاریجانی لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکاندا ناونووسی کردووە کە سێ ساڵ لەمەوبەر لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، شوڕای نیگەهبان (ئەنجومەنی پاسەوانی) شایستەیی ناوبراوی پشتڕاست نەکردەوە. لاریجانی، ڕەنگە هیوای ئەوە بێت کە ئەمجارە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەرفەتی ئەوەی پێبدات کە بە وتەی خۆی، بارودۆخی ئێستا بگۆڕێت.
لاریجانی دوای ناونووسی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کورتدا گووتی: "لەو دەوڵەتەیدا کە من گرینگی پێدەدەم، هەر شارەزایەک بە هەر سەلیقەیەکی سیاسی بەکار دەگیرێت. چارەسەرکردنی پرسی سزاکان لە یەکەمایەتییەکانی دیپلۆماسی ئێمەدا دەبێت".
لاریجانی بە باس کردن لەوەیکە ئەمڕۆ خەڵک ڕووبەڕووی "کێشەی سەختی بژێوی" بوونەتەوە، گووتی"هەندێک لە وڵاتان بارودۆخیان ئاڵۆزتر بووە لە بارودۆخی ئێمە، بەڵام توانیویانە چارەسەری بکەن".
ئەگەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئیرادەی گۆڕانکاری لە کەشی گشتیدا هەبێت، دەتوانێت بە پێچەوانەی ڕابردوو مۆڵەتی پشتڕاستکردنەوەی شایستەیی عەلی لاریجانی دەربکات. بەڵام کێشەی لاریجانی هەروەها بەدەستهێنانی دەسەڵات لە لایەن تیمی ڕوحانی و براکەی "سادق لاریجانی" لە فەزای گشتی و پلاندانان بۆ ڕێبەری داهاتوویە. ئەم دۆخە، هاوکێشەکە ئاڵۆزتر دەکات و دەرکردنی مۆڵەت بۆ پشتڕاستکردنەوەی شایستەیی ناوبراو، دەبێت تێبینییەکی زۆری بۆ بکرێت.
تێبینییەکەت بنووسە