ئابڕام پیلی، جێگری نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی جۆزەردان بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە دیدارێکی لەگەڵ چالاکانی ئێرانی، سەبارەت بەو کردەوانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی بەرامبەر بە دژبەرانی دەیکات، نیگەرانی دەربڕی.
پیلی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس (تویتێری جاران) نووسیویەتی: "دیدارێکی گرنگم لەگەڵ سیامەک ئارام و (ئەندامانی) هاوپەیمانی نەتەوەیی ئێران، سەبارەت بە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئۆپۆزسیۆن و ڕۆژنامەنووسان، لە دەرەوەی سنوورەکانی".
جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران گووتی: "ئەم جۆرە هەڕەشانە، بەتایبەتی لە خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەتەواوی ناڕەوایە و دەبێ ڕابگیرێن".
سیامەک ئارام، بەڕێوەبەری "گرووپی هاوپەیمانی نەتەوەیی ئێران"، پێشتر لە ڕۆژی ٥ی جۆزەردان، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ناڕەزایەتی بە بەڕێوەچوونی مەراسیمی یادکردنەوەی کوژرانی ئیبڕاهیم ڕەئیسی لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەر، لە ناوچەی پۆتۆمکی ویلایەتی میریلاند، گوتبووی کە ژمارەیەک لە بەشداربووانی ئەم مەراسیمە "هەڕەشەی کوشتنیان لە خۆپێشاندەران کردووە".
گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەم مەراسیمە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، پیاوێک لە تەنیشت ئەفسەرێکی پۆلیس نیشان دەدات کە بە ئاماژە بە کەسانی دیاریکراوی ناو جەماوەرەکەی ئۆپۆزسیۆن، بە نیشانەی هەڕەشە دەستی بەسەر ملی خۆیدا دەکێشێت، کردەوەیەک کە بە سەربڕین لێکدەدرێتەوە.
ئابڕام پیلی بە ئاماژەدان بەم ڕووداوانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نووسیویەتی: "بە بینینی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هێرشەکانی لایەنگرانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران کە لە سەرانسەری جیهان کۆبوونەوەی جەماوەری ئاشتیانەیان ڕێکخستبوو و هەڕەشەیان لێکراوە، نیگەرانم".
هەروەها گروپێک لە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی ٥ی جۆزەردان لە شاری لەندەن، هێرشیان کردە سەر نەیارانی کۆماری ئیسلامی کە بە ناڕەزایەتی دەربڕین بە مەراسیمی یاکردنەوەی ئیبڕاهیم ڕەئیسی لە بەردەم شوێنی مەراسیمەکە کۆببوونەوە و چوار کەس لەم ئەنجامی ئەم هێرشەدا بریندار بوون.
تێبینییەکەت بنووسە