ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، وێڕای پێشوازی کردن لە بڕیاری دەوڵەتی کەنەدا بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەک "تیرۆریست"، کردەوەکانی ئەم دامەزراوە سەربازییەی کۆماری ئیسلامی وەک هەڕەشە بۆ سەر تەواوی جیهان ناساند.
بەڕێز میلەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کردەوەکانی کەنەدا لە پێوەندی لەگەڵ سوپای پاسداران، گووتی: "ئێمە پێشوازی لە بڕیاری کەنەدا بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەکەین. ئەمە کارێکە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجامی داوە".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "تیرۆریسم و پلانە کوشەندەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیە بۆ هەموو جیهان".
ماتیۆ میلەر ڕوونی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیە زانیاری پێویست بداتە وڵاتانی دیکە بۆ ئەوەی سوپای پاسداران وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" دەستنیشان بکەن.
دەوڵەتی کەنەدا ڕۆژی چوارشەممە بە فەرمی ڕایگەیاند کە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی، خستۆتە لیستی ڕێکخراوە "تیرۆریستییەکان".
تێبینییەکەت بنووسە