لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، محەممەدباقر قالیباف و سەعید جەلیلی کە سەر بە بەرەی بنەماخوازەکانن، دەنگۆی کشانەوە خۆیان لە بەرژەوەندی ئەویتر ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند کە تا کۆتایی، لەم پێشبڕکێیەدا ئامادە دەبن. لە هەمانکاتدا ئەمیرحوسێن قازیزاده هاشمی کشانەوەی خۆی لە ڕکابەری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ڕاگەیاند.
ئەمیرحوسێن قازیزاده هاشمی لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس بڵاوی کردووەتەوە گوتویە کە لەسەر داواکاری "بەرەی ئینقلاب" و بۆ سەرکەوتنی ئەو بەرەیە کشاوەتەوە و داوای لە سێ کاندیدەکەی دیکەی بنەماخوازەکانیش کردووە کە ڕێکبکەون لەسەر سەرکەوتنی بەرەکە.
لە کاتێکدا بنەماخوازەکان لەسەر گەیشتن بە کۆدەنگی و بوونی یەک کەس لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی خولی چواردەهەمی سەرۆک کۆماری پێداگرن، ئەو هەواڵانەی لە لایەن محەممەدباقر قالیباف و سەعید جەلیلی بڵاوکراونەتەوە دەریدەخات کە هیچ کام لەو دوو کەسە بە نیازی وازهێنان لەم کێبڕکێیە نینە.
قالیباف سەبارەت بە ئەگەری کەنارەگیریەکەی گوتوویەتی: "لە دانیشتنەکاندا وتم کە دەتوانین گۆڕانکارییەکی ئابووری جدی ئەنجام بدەین. ئەگەر جدی نەبوومایە، لە پەرلەمان دەبووم و سەرۆکی یەکێک لە لقەکانی دەستەڵات دەبووم".
ناوبراو بە ڕەتکردنەوەی دەنگۆی کەنارەگیری لە کێبڕکێکانی هەڵبژاردن لەگەڵ کاندیدە بنەماخوازەکان، جەختی لەوە کردەوە: "بە شێوەیەکی ئاسایی ئەم باسانە هەمیشە هەبووە. بە دڵنیاییەوە من بەدوای بەردەوامیدا دەگەڕێم. ئەرکێکی نیشتمانییە و لە مەیداندا ئامادەم".
لە لایەکی دیکەوە سەعید جەلیلی لە وەڵامی دەنگۆی کەنارەگیری خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان، لە کاتی سەفەرەکەیدا بۆ کرمان ڕایگەیاند: خۆگرانە تا کۆتایی دەوەستینەوە.
هەوڵی ئەم دوو کەسایەتییە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و نەکشانەوە لە بەرژەوەندی یێکتر لە کاتێکدایە کە پێشتر حوسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کەیهان کە سەر بە نووسینگەی عەلی خامەنەییە، داوای لە کاندیدە بنەماخوازەکان کردبوو بۆ ئەوەی کۆی دەنگی بنەماخوازەکان زیاتر بێ و یەک کەسایەتی بمێنێتەوە، بۆ بەرژەوەندی یێکتر یەکێک لە کاندیدەکان کەنارەگیری بکا.
هەروەها پێگەی هەواڵی ئینتخاب نووسیویەتی: "ئەمین سادقی، یەکێک لە کەسایەتییە نزیکەکانی قالیباف بانگەشەی ئەوەی کردووە کە سابیتی، ڕەسایی و شەهبازی ڕێگری لە کەنارەگیری جەلیلی دەکەن. ناوبراو گووتی: ئەگەر یەکڕیزی بەدی نەهات، شکستی بەرەی شۆڕش بخەنە ئەستۆی ئەم دوو کەسە".
پێشبینی دەکرێت کە زاکانیش لە بەرژەوەندی بەربژێرە بنەماخوازەکان بکشێتەوە.
تێبینییەکەت بنووسە