ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەر، ١٤هەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەڕێوەدەچێت. ئەو هەڵبژاردنە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەناچێت و هۆکارەکەی بۆ مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە رووداوی کەوتنە خووارەوە کۆپتەر لە پاریزگای ئازەربایەجانی ڕۆژهەڵاتی دەگەڕێتەوە.دەیان کەس ناوی خۆیان وەکوو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تۆمار کرد. کەسانێک کە مەرجە سەرەتاییەکانی بوون بە سەرۆککۆمار لە ئێرانیان هەبوو. بۆ نمونە سەرۆککۆماری ئێران دەبێ شیعەی ١٢ ئیمامی بێت و "لێهاتووی" هەبێت و باوەڕدار و پابەند بە ئایینی ئیسلام بێت. لەناو ڕیزی بڵندباڵای ئەو کەسانەی ناویان تۆمار کردبوو، لە کۆتاییدا شەش کەس لەلایەن شوڕای نیگەهبانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لێهاتووییان پەسەندکرا.
ئەو شەش کەسە بریتی بوون لە "سەعید جەلیلی، موحەممەد باقر قالیباف، عەلیرەزا زاکانی، حوسێنئەمیر قازیزادە هاشمی، مستەفا پورمحەممەدی و مەسعود پزیشکیان".
لە ناو ئەو کەسانەی لێهاتووییان ڕەدکرایەوە، ناودارترین کەسەکان، سادق لاریجانی سەرۆکیپێشووی مەجلیسی شورای ئیسلامی و ڕاوێژکاری خامنەیی و هەروەها مەحمود ئەحمەدینەژاد سەرۆککۆماری پێشووبوون.
سەعید جەلیلی، موحەممەد باقر قالیباف، عەلیرەزا زاکانی و حوسێنئەمیر قازیزادە هاشمی هەرچوواریان بنەماخوازن و لە دووایین ڕۆژدا زاکانی و قازیزادەی هاشمی کشانەوە لە بەرژەوەندی بەرەکەدا، هەروەها داواشیان لە جەلیلی و قالیباف کرد، کە لەوانیش کەسێک بکشێتەوە لە بەرژەوەندی ئەوەی دیکەدا. ترسی وان ئەوەیە کە مەسعود پزیشکیان ببێتە سەرۆککۆماری ئێران، کەسێک کە ئیسلاحخوازەکان پاڵپشتیان لێکردووە.
پورمحەممەدی کە ڕابردوویەکی باشی نییە و یەکێکە لە ئەندامانی لێژنەی سێدارە لە دەیەی ٦٠ی زایینیدا، هەوڵیدا کەسایەتییەکی نێوەند لەخۆی نیشان بدات، ئەگەرچی لە سەردەمی بانگەشەدا بەهێز دەرکەوت، بەڵام وێناچێ کە دەنگێکی زۆر بەدەست بهێنێت.
لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا زیاترین مشتومڕ لەسەر گەمارۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاڤایی، دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵاوسان و باری ئابووری هاووڵاتیان بوو. مەسەلەی کەمینە ئایینی و ئیتنیکییەکان تەنیا لەلایەن پزیشکیانەوە باسی لێوەکرا.
ڕاپرسی زۆر لەو ڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە. زۆربەیان متمانەپێکراو نین و لەناو خۆی ئێراندا کراون. بەڵام ئەوانیش دەریدەخەن کە ڕێژەی بەشداری لەژێر ٥٠ دەبێت. هەروەها زۆربەی ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە پزیشکیان یەکەم، جەلیلی دووهەم و قالیباف سێهەمە، بە جیاوازی کەم. بۆیە زۆریەک لە چاودێران پێشنینی ئەوەیان کردووە کە هەڵبژاردن بچێتە گەڕی دووهەم.
ئەم هەڵبژاردنە دووای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوەدەچێت و پێشبینی بەشداری بەرچاوی بۆ ناکرێت. لە هەمانکاتدا زۆریەک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و ڕێکخراو و حیزبەکان داوایان لە خەڵک کردووە کە نەچنە سەر سندوقی دەنگدان و ئەم هەڵبژاردنە بایکۆت بکەن.
سەرجەمی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران، دایکانی ئاشتی، دایکانی شۆڕش و دەیان زیندانی سیاسی و چالاکی سیاسی ئەو داوایەیان لە خەڵک کردووە کە بەشداری هەڵبژاردن نەبن.
تێبینییەکەت بنووسە