دەنگە ژمێردراوەکان لە شاری سەقز، زێدی ژینا مەهسا ئەمینی، نیشان دەدات کە دەنگە پوچەڵەکان زیاتر بوونە لەو دەنگانەی کە دراون بە سەعید جەلیلی.
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، لە کۆی گشتی ٣٨ هەزار و ١٣٤ دەنگی سەقز، بە ڕێزبەندی مەسعوود پزیشکیان بە ٢٩ هەزار و ٦٤٦ دەنگ، محەممەدباقر قالیباف بە ٣ هەزار و ٩٣ دەنگ، دەنگە بەتاڵەکان بە ٢ هەزار و ٧٨٢، سەعید جەلیلی بە ٢ هەزار و ٣٤٧ دەنگ و مستەفا پورمحەممەدی بە ٢٦٦ دەنگ، لە پلەی یەکەم تا پێنجەمی هەڵبژاردنەکاندانە. هەروەها ڕێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای کوردستانیش ٢٥ لەسەد ڕاگەیێندراوە.
ژمارەی دەنگە پوچەڵەکان لە سەرانسەری ئێران نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٦ هەزار دەنگە کە نزیکەی ٥ هێندەی دەنگەکانی مستەفا پورمحەممەدییە. هەروەها ڕێژەی بەشداریی خەڵک، کەمترین ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامیدا.
لە سەرتاسەری ئێراندا، مەسعوود پزیشکیان بە ١٠ ملیۆن و ٤١٥ هەزار و ٩٩١ دەنگ و سەعید جەلیلی بە ٩ ملیۆن و ٤٧٣ هەزار و ٢٩٨ دەنگ، چوونە قۆناغی دووهەمی هەڵبژاردنەکان.
تێبینییەکەت بنووسە