close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
سیاسەت

هەڵبژاردنی سەرۆ‌ک‌کۆماری؛ جەلیلی و پزیشکیان یەکەم دیبەیت چۆن تێپەڕاند؟

۱۱ پووشپەڕی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۳ خولەکدا
هەڵبژاردنی سەرۆ‌ک‌کۆماری؛ جەلیلی و پزیشکیان یەکەم دیبەیت چۆن تێپەڕاند؟
هەڵبژاردنی سەرۆ‌ک‌کۆماری؛ جەلیلی و پزیشکیان یەکەم دیبەیت چۆن تێپەڕاند؟

یەکەمین دیبەیتی نێوان مەسعوود پزشکیان و سەعید جەلیلی دو بەربژێری چاردەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری کۆماری ئیسلامی ئێران، شەوی دووشەممە ١١ی پووشپەڕ لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوبووە. ئەو دیبەیتە کە مشتومرێکی زۆری تێدابوو، لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕ هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.

زیاترین مشتومڕی ئەو دوو کاندیدە سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەبوو و بەرنامەکەش هەر سەبارەت بەوە بوو. پزشکیان کە لەلایەن ئیسلاح‌خوازەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت، پێی وابوو کە دەبێ ئێران لەگەڵ دنیای دەرەوە لە تەعامول و پەیوەندی دابێت. هەروەها باسی لەوە کرد کە گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ژیانی خەڵکی ئێرانیان قورس کردووە و دەبێ کار بکردرێ بۆ هەڵگرتنیان و لەو پەیوەندییەشدا دەبێ هەوڵ بدرێ کە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان باش بکرێت.

بەڵام لە بەرامبەردا سەعید جەلیلی کە کاندیدی بنەماخوازانه، پێی وابوو کە نابێ وابیر بکرێتە کە جیهان تەنیا چەند وڵاتێکن و دەکرێ تەعامول و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەش چێ بکرێ. لە قسەکانیشی ڕا وادیار بوو کە نایهەوێ پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا باش بکات و لە قسەکانیدا باسی لەوە دکرد کە ئەمریکا قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سپای قودسی کوشتووە.

چەندین پرسی دیکەش باسی هاتە گۆڕ، بەڵام زیاتر لەوەی شی بکرێتەوە کە بەرنامە و ڕوانگەیان چییە، هەوڵیان دەدا بە دروشم دان و قسەی گشتی تێیپەڕێنن. وەکوو کێشەی ئابووری هاووڵاتیان، کێشەی خانوو، کێشەی ئۆتۆمبیل و هتد.

مەسعود پزیشکیان لە بەشێکی قسەکانیشیدا کاردانەوەی نیشان دا بە بەشداری کەمی هاووڵاتیان لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا و گووتی: "قبوڵ ناکرێت کە ٦٠٪ خەڵک نەیەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ئەم شتانە کاتێک ڕوودەدەن کە ئێمە مافەکانی هاووڵاتیانمان پشتگوێ بخەین".

پزشکیان لە درێژەشدا گووتی: "ڕۆژ بە ڕۆژ پشتیوانی کۆمەڵایەتی لەدەست دەدەین بەهۆی ڕەفتار و گرانی و مامەڵەکردنمان لەگەڵ کچان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئینتەرنێت. خەڵک لێمان ناڕازین و تا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکەین هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت".

ئەو کاندیدەی هەڵبژاردن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سوننەکان لە دەستەڵات دابڕاون. لە هەمانکاتدا پاڵپشتی لەوە کرد کە لەکاتی پیویستدا، وەک ئەو کاتانەی کە ناڕەزایەتی هەیە، ئینتێرنێت لە ئێران دابخرێت. ئەوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

سەعید جەلیلیش ڕەخنەی لەوە گرت کە مەسعود پزشکیان پلانی نییە و سەبارەت بەخۆشی گووتی کە ١١ ساڵە خەریکی خۆ ئامادەکردنە. هەروەها ڕەخنەشی لەوە گرت کە کەسێکی نزیکی پزشکیان بە "تاڵیبان"ی ئەفغانستانی شوبهاندووە.

جەلیلی: ناکرێ پێش تەواوبوونی هەڵبژاردن بە ملیۆنان بڵێیت ئێوە تاڵیبانن

ناوبراو چەندین جاریش هێرشی کردە سەر سەردەمی سەرۆک‌کۆماری حەسەن ڕۆحانی، لەبەر ئەوەی پێی وابوو گریمانەیی جەلیلی دەبێتە درێژەدەری ڕێگای ئەو.

خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری ڕۆژی ٨ پووشپەڕ بەڕێوەچوو. مەسعود  پزشکیان، سەعید جەلیلی، محەمەدباقر قالیباف و مستەفا پورمحەمەدی چوار کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار بوون کە پێکەوە کێبڕکێیان دەکرد. بەگوێرەی داتاکانی بارەگای هەڵبژاردنەکانی ئێران، مەسعود پزشکیان کە لەلایەن ڕیفۆرمخوازانەوە پاڵپشتی دەکرا، بە ١٠ ملیۆن و ٤١٥ هەزار و ١٨٥ دەنگ لە پلەی یەکەمدایە.

سەعید جەلیلی، سیاسەتمەدارێکی بنەماخواز، لە پلەی دووەمدایە بە دووری نزیکەی یەک ملیۆن دەنگ، واتە ٩ ملیۆن و ٤٧٣ هەزار و ٢٩٨ دەنگ. لەبەر ئەوەی هیچ یەک لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی زۆرینەی ڕەها بەدەست بهێنن، هەڵبژاردنی چووە خولی دووهەم.

بەپێی ماددەی ١٢ی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، سەرۆک بە بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان هەڵدەبژێردرێت. زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان بەو مانایەیە کە کەسی هەڵبژێردراو زیاتر لە سەدا ٥٠ی کۆی دەنگەکانی بەدەستهێنابێت. بەڵام ئەگەر هیچ کام لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی زۆرینەی ڕەهای کۆی دەنگەکانی بەدەست نەهێنابێت، ئەوا هەڵبژاردنەکە دەگوازرێتەوە بۆ خۆلی دووەم.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوون، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا کە ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ بەڕێوەچوو، کەس دەنگی زۆرینەی ڕەهای بەدەست نەهێنا و  مەسعود پزیشکیان و سەعید جەلیلی توانیان بچنە خوولی دووهەم.

بۆ دووهەمین جار لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هیچ کام لە کاندیدەکانی سەرۆک کۆماری نەیانتوانی نیسابی پێویست بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەست بهێنن.

 ئەوە دووەم‌جارە کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری ئێران دەچێتە خولی دووەم. دووایین‌جار ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی بوو و تەیدا هاشمی ڕەفسەنجانی بە ئەحمەدی‌نەژادی دۆڕاند.

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

دەستگیرکردنی ٦ ئەندامی شوڕای شاری سەردەشت بە تۆمەتی وەرگرتنی ٣٢ هەزار دۆلار...

۱۱ پووشپەڕی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
دەستگیرکردنی ٦ ئەندامی شوڕای شاری سەردەشت بە تۆمەتی وەرگرتنی ٣٢ هەزار دۆلار بەرتیل