بەندکراوێک بە ناوی سەعید ڕەزایی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ئورمیە بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ ژووری تاکە کەسی ئەم بەندیخانەیە گواسترایەوە و گیانی لە مەترسیدایە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، سەعید ڕەزایی، بەندکراوی تەمەن ٣٨ ساڵە و خەڵکی ئورمیە، بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ ژووری تاکە کەسی بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە گواسترایەوە.
سەعید ڕەزایی، نزیکی چوواردە ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستەسبەر کرا و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا بوو.
بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوەیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری لێخۆشنەبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، سزای لە سێدارەدانی کوڕەکەیان بەرەبەیانی ڕۆژی چووارشەممە جێبەجێ دەکرێت.
تێبینییەکەت بنووسە