close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
بەندکراوان

لەسێدارەدانی ئەنوەر خزری، زیندانی عەقیدەتی لە زیندانی قزڵحەسار

۱۳ گوڵانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
لەسێدارەدانی ئەنوەر خزری، زیندانی عەقیدەتی لە زیندانی قزڵحەسار
لەسێدارەدانی ئەنوەر خزری، زیندانی عەقیدەتی لە زیندانی قزڵحەسار

سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە سەرلەبەیانی ڕۆژی چووارشەممە ١٢ی گوڵانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنوەر خزری، زیندانی عەقیدەتی کوردی خەڵکی مەهاباد، دوای ١٤ ساڵ لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج لەسێدارە درا.

ئەنوەر خزری لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ ٦ بەندکراوی دیکەی کورد بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض" بە ئێعدام مەحکووم کرا.

حوکمی چووار بەندکراوی دیکە کە دۆسیەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەم زیندانییە عەقیدەتییە هەبووە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدووڵڵاهی و فەرهاد سەلیمی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە زیندانی قزڵحەسار جێبەجێ کراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەنوەر خزری ڕۆژی سێشەممە ١١ی گوڵان، بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە و بەبێ ئەگەری دوا دیدار لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی لەسێدارە دراوە.

ئەنوەر خزری ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بانگهێشتی دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری مەهاباد کرا و دەستبەسەر کرا.

ئەم زیندانییە عەقیدەتییە، سەرەتا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە و ساڵانێک دواتر لە نامەیەکدا ئاشکرای کرد کە چۆن لەم دەستبەسەرگەیەدا بۆ ناچارکردنی دانپێدانان تووشی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی کراوە و هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

ناوبراو لەو شادەنامە پشتڕاستی کردبووە کە بەهۆی لێدان لە کاتی لێپرسینەوەکاندا سەر و مێشک، قەفەزەی سنگ، ئەژنۆکان، بنی پێی، جومگەی دەستی چەپ، ماسولکەکان، خوێنبەرەکان و ڕیشاڵی شانەکانی زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

ئەنوەر خزری بۆ ماوەی ٨ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ زیندانی کرا و دواتر بۆ زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.

تۆمەتی ئەنوەر خزری و دەستبەسەرکراوەکانی دیکەی ئەم دۆسیەیە بە "کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی"، "بانگەشە دژی نیزام"، "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفیەکان" و "گەندەڵی لەسەر زەوی" ڕاگەیێندراوە و دواجاریش لە مانگی ڕەشەممەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مۆقیسە دادگایی کران و سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا؛ دواتر بڕیارەکە لە دادگای تێهەڵچوونەوە پشتڕاستکرایەوە.

ناڕەزایەتییەک لە دژی ئەو بڕیارە دەرچوو و بوو بە هۆی ئەوەی کە لقی ٤١ی دادگای باڵای وڵات بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕازینی، دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە حوکمەکەی پێشێل بکات و بۆ ئەوەی دووبارە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێتەوە ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی کرد.

لقی ١٥ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتی دادوەر سەلەواتی لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٧، ئەنوەر خزری و ٦ هاو دۆسیەیی دیکەی بە تۆمەتی "گەندەڵی لەسەر زەوی" دوبارە بە ئیعدام مەحکوم کرد. ئەم حوکمە بە هۆی گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ئەمجارە لە لایەن لقی ٤١ی دادگای باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و لە ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، دەرکردنی ئەم حوکمە بە پارێزەری ئەوان، مەحمود عەلیزادە تەباتەبایی ڕاگەیێندرا.

سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی بنەماڵەکان و گوشاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، حوکمی لەسێدارەدانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدووڵڵاهی و فەرهاد سەلیمی لە دوای یەکتر لە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر، ٨ی سەرماوەز، ١٢ی بەفرانبار و ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا و ئەمڕۆش حوکمی لەسێدارەدانی کەسی پێنجەم لە کۆی حەوت کەسی دەستگیرکراو لەم دۆسیەدا جێبەجێ کرا.

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

بریندار بوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە بانە

۱۲ گوڵانی ۱۴۰۳
بریندار بوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە بانە