مەڵبەندی هەڵبژاردنی مەسعوود پزیشکیان، ئامادەبوون و بەشداری جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە بارەگای ئەم کاندیدەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا ڕەتدەکاتەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان، بارەگای پڕۆپاگەندای پزیشکیان لە ئاگادارییەکدا نووسیویەتی: "دوای چەند لێدوانێکی نادروست سەبارەت بە بوونی دکتۆر زەریف لە بارەگای هەڵبژاردنی پزیشکیاندا، ڕادەگەیەنین کە ناوبراو هیچ چالاکییەکی نابێت".
ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدا بڵاوکرایەوە کە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر عەلی تاجرنیا، بەرپرسی مەڵبەندی هەڵبژاردنی پارێزگای تارانی مەسعوود پزیشکیان، ڕایگەیاندبوو کە جەواد زەریف پەیوەندی بە بارەگای هەڵبژاردنەکانی پزیشکیانەوە کردووە.
تاجرنیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، جەواد زەریف لە لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی مەڵبەندی هەڵبژاردنی پزیشکی ئامادە دەبێت و بەم نزیکانە کۆبونەوەیەکی لەگەڵ میدیاکان دەبێت بۆ ڕوونکردنەوەی پلانەکانی مەڵبەندەکە لەژێر بەڕێوەبردنەکەیدا.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردبوو کە زەریف یاوەری دکتۆر پزیشکیان دەبێت لە بۆنەیەکی گەورەدا.
لەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، تاجرنیا هەروەها ئیلهام فەخاری وەک وتەبێژی بارەگای هەڵبژاردنەکانی پارێزگای تاران، مەسعوود پزیشکیان ناساند.
پەسەندکردنی لێهاتوویی مەسعود پزیشکیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری لەلایەن شورای نیگەهبانی کۆماری ئیسلامی ئێران، باس و خواستی زۆری لێکەوتووەتەوە و ناوبراو تا ئێستا توانیویەتی پاڵپشتی بەشێک لە ئیسلاحخوازەکان بۆخۆی مسۆگەڕ بکات.
پزیشکیان لە شاری مەهاباد لە دایکبووە و بە ڕەچەڵەک تورکە، بابی ناوبراو بەرپرسیارەتی ئەمنی لە مەهاباد بووە. هەر بۆیە ئەو بە باشی دەتوانێت بە کوردی قسەبکات.
بەڵام هیچ یەک لەوانە نەبووەتە هۆکاری گەرمبوونی تەنووری هەڵبژاردن و کارناسان پێشبینی دەکەن کە هاووڵاتیان پێشوازی نەکەن لەو چاردەهەمین خوڵی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران.
تێبینییەکەت بنووسە