شەوی ڕابردوو ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠١، کۆماری ئیسلامی وەڵامی خۆی بە دەقی کۆتایی ڕێککەوتننامەی ڤیەن بۆ ژیاندنەوەی بەرجام ئاراستەی یەکێتیی ئەوروپا کردووە.
"جۆزێپ بۆرێل"، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا پشتڕاستی کردۆتەوە کە لایەنی ئەوروپی وەڵامی ئێران بۆ دەقی کۆتایی ڕێککەوتننامەکەی بەدەست گەیشتووە، بەڵام خوای بواردووە لەوەی وردەکاریی زیاتر لەسەر وەڵامەکە بخاتە ڕوو.
"ستێفانی لیختێن شتاین"، ڕۆژنامەنووس لە هەژماری توییتێرەکەیدا لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئەوروپییەوە نووسی، "وەڵامەکەی کۆماری ئیسلامی هیچ خاڵێکی سەرنجڕاکێشی تێدا نییە و زیاتر پێداگرییە لەسەر بە لابردنی بایکۆتە داراییەکانی سەر ئێران و وەرگرتنی گەرەنتی لە ئەمریکا بۆ جێبەجێبوونی ڕێککەوتنەکە لە داهاتوودا".
"حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان"، وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر وتبووی، کۆماری ئیسلامی وەڵامی خۆی تاوەکو نیوەشەوی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژ ئاراستەی یەکێتیی ئەوروپا دەکات.
ئێران وەڵامەکەی دوابەدوای دانیشتنی ئەجومەنی باڵای ئاسایش ئامادەکرد و ڕەوانەی یەکێتیی ئەوروپای کرد، کە پاشنیوەڕۆی دووشەممە بە بەشداربوونی "ئیبراهیم ڕەئیسی"، سەرۆکی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە تاران بەڕێوەچوو.
لەو دانیشتنەدا "عەلی باقری"، ئەندامی باڵای شاندی ئێرانی لە دانوستانەکانی ڤیەندا ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر دانوستانەکانی ڤیەن بۆ بەشداربووانی دانیشتنەکە پێشکەش کردبوو.
وابڕیارە کە دەوڵەتی ئەمریکاش بۆچوونی خۆی لەسەر ئەو ڕێککەوتنە بەتایبەتی ئاراستەی جۆزێپ بۆرێل بکات.
"نێد پرایس"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسی ڕۆژی ڕابردوویدا وتی، تەنیا ڕێگە بۆ سەرگرتنی دانوستانەکانی ڤیەن ئەوەیە کە ئێران دەست هەڵگری ئەو داواکارییانە بێت کە هیچ پەیوەندییەکیان بە چوارچێوەی دانوستانەکانەوە نییە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە