بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ڕۆیتێرز کە لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی بوومەلەرزەی سووریا لە ٦ی فوریەی ساڵی ڕابردوو و بە کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گواستنەوەی یارمەتییە مرۆڤ دوستانەکان، بە شێوەی بەرفراوان ئەم گەشتانەی بۆ گواستنەوەی چەک بۆ سووریا بەکارهێناوە.
ئەمڕۆ چوارشەمە، ٢٣ی خاکەلێوە، هەواڵدەری ڕویتێرز لە زمانی ٩ سەرچاوەی ئاگادارەوە، لەوانە کەسایەتی ئێرانی، سووری، ئیسرائیلی و ڕۆژئاوایی ڕایگەیاندووە ئێران، ئەم دەرفەتە بەدەست هاتووەی بە ئامانجی بەهێزکردنی خۆی بەرامبەر ئیسرائیل لە سووریا و هەروەها بۆ پشتیوانیکردن لە بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە، بەکارهێناوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە لە ماوەی حەوت حەوتوو لە دوای بوومەلەرزەکە، بە سەدان فڕۆکەی ئێرانی گەشتیان بۆ فڕۆکەخانەکانی دیمەشق، حەلەب و لازقیە کردووە و چەکیان بۆ ئەم وڵاتە گواستووەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو چەکانە بریتیی بوون لە ئامێرە پێشکەوتووەکانی پێوەندییەکان، ڕادار و پارچەی یەدەگ بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران لە سووریا بووە.
سەرهەنگ عەبدولجابر عەکیدی کە پێشتر لە ئەرتەشی سووریا خزمەتی کردووە بە ڕۆیتێرزی وتووە: "هەروەها ئیسرائیل شوێنی دیداری فەرماندەکانی گرووپە نیزامییەکانی ئێران و بارکردنی مایکرۆپرۆسێسەرەکان بۆ سیستەمی پێشکەوتووی چەکی کردۆتە ئامانج."
هەروەها ڕویتێرز ئاشکرای کردووە ئیسرائیل لە دوای ئاگادار بوونەوە لە ناردنی چەک بۆ سووریا لە لایەن ئێرانەوە، بەخێرایی هێرشی کردە سەر ئەم کۆگا تەقەمەنیانە، فڕۆکەخانەی دیمەشق و حەلەب. لەم ڕاپۆرتەدا بەپێی ڕوون کردنەوەکانی ژەنەڕاڵێکی ئیسرائیلی، زانیارییەکانی ئیسرائیل تا ڕادەیەک ورد بووە کە ئاگادار بوون لەوەی هەر یەک لەو بارهەڵگرانەدا چ جۆرە چەکێکیان تێدایە.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل کە نەیویستووە ناوی لەم ڕاپۆرتەدا ئاشکرا بکرێت، وتوویەتی: "بۆمان دەرکەوت کە ئێران بڕێکی بەرچاو کەرەستەی سەربازی لەژێر ناوی هاوکاری مرۆیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی سووریا ڕەوانەی سووریا دەکات و بەشێکی زۆر لەم بارهەڵگرانە چبوونە فڕۆکەخانەی حەلەب. هاوئاهەنگی وەرگرتنی ئەم چەکانە بە بڕی "یەکەی ١٨٠٠٠ی هێزەکانی قودس" لە سووریا بە فەرماندەیی حەسەن مەهدەوی کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە ڕێکخراوە، ئەنجامی گرتووە."
هەروەها ئەم بەرپرسەی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل وتی: "گواستنەوەی زەمینی ئەو چەکانەش لەلایەن یەکەی گواستنەوەی ١٩٠ی سوپای قودسەوە ئەنجامدراوە".
ئەم ڕاپۆرتە هاوکات لەگەڵ قووڵ بوونەوەی گرژییەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بڵاو کرایەوە و ڕەهەندی زیاتری ململانێی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی لە سووریای ئاشکرا کردووە.
تێبینییەکەت بنووسە