"فەرزاد سەفیخانپور"، "فاتێح عوسمانی" و "عەدنان کەریمی"، چالاکانی پیشەیی مامۆستایان و ئەندامانی "ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان- سنە و کەڵاتەرزان" لە کاتی گرد بوونەوەی ناڕەزایەتیی سەراسەریی مامۆستایانی ئێراندا، بە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکان لەم شارەدا دەستگیر کران.
بەپێی هەواڵێک کە بە دەست "ئێرانوایەر" گەیشتووە، ئەمڕۆ ١٩ی گوڵانی ١٤٠٢، فەرزاد سەفیخانپور و عەدنان کەریمی، مامۆستایانی خەڵکی سنە دوای ئامادە بوونیان لە گرد بوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرهەنگیانی سەرتاسەری ئێران، بەبێ بڕیاری دادگا و ڕوون کردنەوەی تۆمەتەکانیان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سنەوە دەستگیر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوزراونەتەوە.
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ بڵاوە پێکردن و ڕێگریی لە گرد بوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان، هێرشیان کردۆتە سەر فەرزاد سەفیخانپور و عەدنان کەریمی و دوای لێدان و ئازاردانیان ئەم دوو چالاکە پیشەیەیان دەستگیر کردووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش باسی لە دەستگیر کردنی فاتێح عوسمانی لە کاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆی مامۆستایانی لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی "ئێرانوایەر" گرد بوونەوەی مامۆستایان و فەرهەنگیان لە شاری سنە گرژیی لێ کەوتۆتەوە و تێکهەڵچوون لە نێوان مامۆستایانی ناڕازی و هێزە ئەمنییەتییەکاندا ڕووی داوە.
هەروەک کە لە گرتە ڤیدیۆکاندا بڵاو بوونەتەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایانی سنە لە شەقامەکانی ئەم شارە بەڕێوەچوو و بەشدار بووان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "معلم زندانی آزاد باید گردد"یان وتۆتەوە.
دەستگیر کردنی فەرزاد سەفیخانپور، فاتیح عوسمانی و عەدنان کەریمی لە حاڵێکدا ڕووی داوە کە لەسەر بانگەوازی شورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، گرد بوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرهەنگیان لە شارەکانی کرماشان، ئەراک، شووش، ئەهواز، تەربەت حەیدەرییە، هەمەددان، سنە، ئیسلامئادای ڕۆژئاوا، قەزوین، ئەسفەهان، هەرسین، ئابدانان، ڕەشت، بجنورد، جولفا، تاکستان و سەقز لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارانەدا بەڕێوە چوون.
شورای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، ڕۆژی ١٢ی گوڵان، داوای لە سەرجەم مامۆستایان و فەرهەنگیانی ئێران کرد کە لە بەرواری ١٩ی گوڵانی ١٤٠٢، هاوکات لەگەڵ سێزدەهەمین ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی "فەرزاد کەمانگەر" مامۆستایەک کە هێشتا شوێنی ئەسپەردە کردنەکەی بە بنەماڵەکەی ڕانەگەیندراوە، لە کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە لە تاران لە بەردەم مەجلیسی شورای ئیسلامی و هەروەها لە شار و پارێزگاکانی دیکەی ئێران لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێناندا گرد بوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرن.
شایانی باسە کە گوشار خستنە سەر مامۆستایان لەوانە بانگهێشت کردن، دەستگیری و جێبەجێ کردنی حوکمی زیندان لە دەسپێکی ساڵی ١٤٠٢ و لە دوای گرد بوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان و ژەهراویی کردنی کچانی قوتابی و هەروەها گرد بوونەوەی ناڕەزایەتی بەرامبەر "دواکەوتنی و پێنەدانی مووچەی مانگانەی مامۆستایان لە لایەن دەوڵەتەوە" زیادی کردووە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە