هاوکات لەگەڵ چڕوبوونەوەی گرژییەکان لە پەراوێزی بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا، سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل وتوویەتی: "گۆڕانکاریی نەرێنی لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا کراوە کە دەتوانێت ببێتە هۆی کردەوە لە دژی."
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ڕویتەرز ئەمڕۆ سێشەمە ٢ی جۆزەردان، ژەنەڕاڵ هێرتسی هۆلۆوەی کە لەم دواییانەدا لە لایەن نەتانیاهۆوە دەستنیشان کراهەروەها باسی لەوە کردووە کە "ئێران زیاتر لە جاران لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆم پێشکەوتنی بەدەست هێناوە."
ژەنەڕاڵ هۆلۆوەی کە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەمنییەتی لە شاری هێرتزلیای تێلاڤیڤ لێدوانی داوە سەبارەت بەم هەوڵە ناکاوەی ئیسرائیل، ڕوونکردنەوەی زیاتری نەداوە و تەنیا بە ئاماژە کردن بە هاوپەیمانانی ئیسرائیل وتوویەتی: "ئێمە چەندە توانامان هەیە ئەوانی دیکەش هەروا".
پیشتر بێنایامین ناتانیاهۆ هاوکات لەگەڵ تیکهەڵچوونی ئیسرائیل و میلیشیاکانی فەلەستین وتبووی ئیسرائیل ئامادەیە لە هەموو بەرەکاندا شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات.
دوێنێ دووشەمە، هەواڵدەری ئەسۆشێتدپرێس بڵاویکردەوە، هەڵسەنگاندنی وێنە نوێیەکانی ماهوارە دەریدەخات کە ئێران خەریکی هەڵکەندنی شوێنی پێوەندیدار بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دایە و ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی لە ناو دڵی چیاکانی زاگرۆسدا لە قۆناغی دروستکردنیدان، لە وەها قووڵاییەکدا هەڵکەوتوون کە "بەدوور نازانرێت تەنانەت پێشکەوتووترین بۆمبەکانی ئەمریکاش بتوانن زیانی پێبگەیەنن".
لەم ڕاپۆرتەی ئەسۆشیتێد پرێسدا هاتووە کە ئەم دامەزراوە کە لە قۆناغی دروست کردن دایە لە ٢٢٥ کیلۆمەتری باشووری تاراندا هەڵکوتووە، کە هەر لە ئێستاوە بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی پاریزگاری لێ دەکرێت.
تێساحی هانگبی، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسی هێرتزلیا بەبێ ئاماژە کردن بە هەوڵی نیزامی لە دژی دامەزراوە ژێرزەوییە نوێکەی ئێران وتی: "هەڵبەت هەڵکەندنی دامەزراوەکە لە قووڵایی زەویدا، توانایی هیرش کردنە سەری بە بەراورد لەگەڵ دامەزراوە ڕووکەشییەکان سنووردار دەکات: "بەڵام هیچ شوێنیک نییە کە بۆ ئێمە دەستنەکوتوو بیت".
بەپێی ڕاپۆرتی ئەسۆشیتێدپرێس، هەڵکەندنی تونێلە ژێرزەوییەکان لە نێو دڵی کێوەکانی زاگرۆس لە بەشی ناوەندی ئێران لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ دەستی پێکردووە و ئێران بەنیازە بەشێک لەو دامەزراوە ئەتۆمییەکەی کە پێشتر هیرش کرابووە سەری، بگوازێتەوە بۆ ئەم شوێنە کە قوڵاییەکەی ٨٠ بۆ ١٠٠ مەتر دەبێت.
لە ١٤ی گوڵاندا، یوئاو گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕایگەیاندبوو کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران "پێشکەوتنی بەرچاوی" هەبووە و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەم بابەتە وتبووی لە ئێستادا ئێران بۆ دروست کردنی پێنج بۆمبی ئەتۆمی پێکهاتەی پێویستی بەدەست هێناوە.
تێبینییەکەت بنووسە