هاوکات لەگەڵ هێرشی لە ناکاوی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و "ڕاگەیاندنی دۆخی جەنگی" لە ئیسرائیل، "یەحیا ڕەحیم سەفەوی"، یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران و ڕاوێژکاری نیزامی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وتوویەتی "ئێمە پشتیوانی خۆمان لەم هێرشە ڕادەگەیێنین و دڵنیاین بەرەی بەرگرییش پشتیوانی لەم بابەتە دەکات."
لقی نیزامی حیماس کاتژمێرێک بەر لە ئێستا ڕایگەیاند کە "زیاتر لە ٣٥" کەسیان لە نێو نیزامیان و دانیشتوانی یەکەکانی نیشتەجێ بوونی باشووری ئیسرائیل ڕفراندووە و گواستوویانەتەوە بۆ کەرتی غەززە.
ڕەحیم سەفەوی لە شەشەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی هاوپشتی لەگەڵ منداڵانی فەلەستین لە ناوەندی ڕۆشنبیری ئەرسباران، وتی: "ئێمە پشتیوانی لەم ئۆپراسیۆنە دەکەین و دڵنیاین کە بەرەی بەرگریش پشتیوانی لێ دەکات."
هەروەها ڕەحم سەفەوی لە درێژەدا وتی: "تا ڕزگارکردنی فەلەستین و قودس لەگەڵ موجاهیدینی فەلەستیندا دەمێنینەوە."
هاوکات چەند کاتژمێر پێش بێنامین ناتانیاهۆ پاش نیوەڕۆی شەمە لە یەکەمین لێدوانی گشتیی خۆیدا سەبارەت بە هێرشی حەماس ڕایگەیاند: "ئێمە لە شەڕداین و تێیدا سەرکوتوو دەبین."
کاناڵی ١٣ی تێلێویزیۆنی ئیسرائیل دەڵێت پێنج کاتژمێر دوای دەست پێکردنی ڕووداوەکان، چەند یەکەی نیشتەجێ بوون لە باشووری ئیسرائیل لە لایەن "حەماسەوە کۆنتڕۆڵ" کراون. نەخۆشخانەی سوروکا لە شاری بئێرشەبەع ژمارەی بریندار بووانی تا پاش نیوەڕۆی شەمە لانیکەم ١٥٠ کەس ڕاگەیاندووە. هاوکات ڕێکخراوی فریاکەوتنی ئیسرائیل لە هێرشەکانی سەر لە بەیانی کوژرانی لانیکەم ٢٠ ئیسرائیلی پشتڕاست کردۆتەوە. چەند کاتژمێر دوای دەست پێکردنی هێرشەکان، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە "٢٢٠٠" هێرشی ڕاکتی بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل ئەنجام دراوە و "تێکدەران، لە زەوی و ئاسمان و دەریا" دزەیان کردۆتە ناو ئیسرائیلەوە.
جگە لەوە حیزبوڵای لوبنان کە یەکێک لە هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییە، لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی لە هێزەکانی حەماس کرد و ئەوەی "بە پەیامێک بۆ جیهانی عەرەب، جیهانی ئیسلام و کۆمەڵگەی جیهانی و بە تایبەت ئەو وڵاتانەی بە دوای ئاسایی کردنەوەی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دان" زانیوە.
سەرەڕای پشتیوانی ئێران و حیزبوڵای لوبنان، ئاڵمان و بریتانیا هێرشی حەماسیان بۆ سەر ئیسرائیل مەحکووم کردووە.
بەڵام هێرشی سەر لە بەیانی شەمە، ١٥ی ڕەزبەر، کە میدیاکانی ئیسرائیل بە "لەناکاو" وەسفیان کردووە. لە کاتێکدا ڕووی داوە کە یەک ڕۆژ بەر لە پەنجاهەمین ساڵوەگەڕی شەڕی ساڵی ١٩٧٣ بوو. میدیاکانی ئیسرائیل لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ئەم شەڕەوە جەختیان کردۆتەو کە وڵاتەکەیان لە "ڕۆژی کیپوور" ڕۆژی گەورەی یەهوودییەکان، لە لایەن میسر و سووریا لەناوکاو بوو.
تێبینییەکەت بنووسە