ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە کۆ بوونەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسان و ئەندامانی بەسیجدا، خوازیاری خۆ بە دوور گرتن لە دروست کردنی "دوو جەمسەری ساختە" لە فەزای سیاسیدا کرد و وتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا "لە سەر شتێکی بێ بنەما تەوس و توانج لە یەک دەدەن. ئێوە کە بەسیجین نابێت ئەم کارە بکەن."
ئەو لە وتارەکانیدا، ستایشی هێرەشەکانی چەند مانگی ڕابردووی میلیشاکانی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا وتی تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی "لەناوبردنی زایۆنیستەکان و جوولەکەکان نییە."
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە درێژەی وتارەکەیدا وتی، کۆماری ئیسلامی "داوای بۆچوونی خەڵک و بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم لە فەلەستین دەکات."
ئەو هەروەها قاسم سلێمانی بە "لووتکەی بەسیج" ناودێر کرد.
ئەم ڕوون کردنەوانە لە حاڵێکدا ئەنجام دەگرێت کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەوانە "عەلی خامنەیی"، تا ئێستا چەندین جار پشتیوانی لە بیرۆکەی لە ناو بردنی ئیسرائیل کردووە و ڕۆژژمێریی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل دیاری کردووە.
فەرماندەی پێشووی هێزە زەمینی ئەرتەشی ئێران لە ساڵی ١٣٩٨، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردبوو و وتبووی: "لە سەر دەرگای تەواوی بنکەکانی هێزی زەمینی، ڕۆژژمێری لەناوچوونی ئیسرائیل هەڵواسراوە."
عەلی خامنەیی خۆی لە ساڵی ١٣٩٤دا وتبووی کە "ئیسرائیل ٢٥ ساڵی داهاتوو نابینێت" و دوای ئەوە ژمارەیەک لە دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان کرد بە دانانی "ڕۆژژمێری لەناوچوونی ئیسرائیل" لەوانەش لە شەقامەکاندا.
هەڵبەت پێشتر ڕەت کردنەوەی بیرۆکەی لەناوبردنی ئیسرائیل لە ساڵی ١٣٩٨ لە وتووێژی "جەواد زەریف"، وەزیری پێشووی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ حەوتوونامەیەکی فەڕەنسی "لوپۆئێن" ڕووی دابوو. ئەو سەبارەت بەم بابەتە وتبووی: "ئێمە چ کاتێک وتوومانە ئیسرائیل لە ناو دەبەین؟ ئەو کەسەمان بۆ بهێنن کە ئەم قسەیەی کردبێت. هیچ کەسێک ئەم قسەیەی نەکردووە."
عەلی خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەمڕۆی خۆیدا، بۆ جارێکی دیکە هێرشەکانی ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل بە "زریانی ئەقسا" ناودێر کرد و وتی هەرچەندە ئەم هێرشە بە دژی ئیسرائیل ئەنجامی گرتووە، بەڵام بە وتەی ئەو، ئامانجەکەی "سڕینەوەی ئەمریکا" بوو.
بە وتەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، هێرشی حەماس"توانی جەدوەلی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە بەر یەک هەڵبوەشێنێتەوە و ئیشەڵا بەردەوام بێت جەدوەلەکە دەسڕێتەوە."
ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا ساڵانێکە بزووتنەوەی حەماسیان وەک گرووپێکی تیرۆریستی خستووەتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.
١٨ی ڕەزبەر ئەم ساڵ و تەنیا سێ ڕۆژ پێش لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، عەلی خامنەیی لە لێدوانێکیدا کە لە کۆ بوونەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەڕێوەچوو، ڕۆڵی ئێرانی لەم هێرشەدا ڕەت کردەوە و ئەو جۆرە لێدوانانەی بە "بوختان"ی حکومەتی ئیسرائیل ناوبرد.
تێبینییەکەت بنووسە