ڕۆژی چووارشەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ٦ هاووڵاتی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی ئێحسان گوڵاوی، ئارام خالیدی نەسەب، عەلیڕەزا محەممەدی ئەڕشەد، ئیسماعیل تەجەلا، هیوا مەحمودی و محەممەد (دیاکۆ) ئیبڕاهیمی کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارە دەستبەسەر و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دانیشتنی دادگای ئەو کەسانە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری پیرانشار بەڕێوەچوو و حوکمی زیندانیکردنیان بە شێوەی نووسراوە بەوان ڕاگەیێندرا.
بەپێی بڕیاری دەرچوو، محەممەد ئیبڕاهیمی تەمەن ٣٠ ساڵ، ئێحسان گوڵاوی تەمەن ٢٠ ساڵ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران" ، "کۆبوونەوە و هاوکاری دژی ئاسایشی وڵات" ، "بانگەشە دژی نیزام" و "فیلمگرتن لە شوێنە دەوڵەتییەکان" هەریەکەیان بە گشتی بە سزای ١٤ ساڵ زیندانی مەحکوم کران کە بە پێی یاسای کۆی حوکمەکان، ٥ ساڵ لەو سزایە جێبەجێ دەکرێت.
هیوا مەحمودی تەمەن ٣٣ ساڵ، لەم دۆسیەیەدا بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوکاری دژی ئاسایشی وڵات" بە سزای ٢ ساڵ زیندانی مەحکوم کرا.
هەروەها عەلیڕەزا محەممەدی ئەڕشەد تەمەن ٢٣ ساڵ، ئیسماعیل تەجەلا تەمەن ٢٣ ساڵ و ئارام خالیدی نەسەب تەمەن ٢٤ ساڵ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران" ، "کۆبوونەوە و هاوکاری دژی ئاسایشی وڵات" و "بانگەشە دژی نیزام" هەریەکەیان بە کۆی گشتی بە سزای ٦ ساڵ و ١١ مانگ زیندانی مەحکوم کران. بە پێی یاسای کۆی حوکمەکان، ٣ ساڵ و ٧ مانگ لەو سزایە جێبەجێ دەکرێت.
ئەم ٦ هاووڵاتییەی خاڵکی گوندی "پەسوێ"ی پیرانشار سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لە پیرانشار دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراونەتەوە.
ئەم کەسانە دوای لێپرسینەوە، بۆ زیندانی نەغەدە گوازرانەوە و لە ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەر، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە