زیاتر لە ١٠٠ کەسایەتی فەرهەنگی و هونەری نێودەوڵەتی لە نامەیەکدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی توماج ساڵحی راپێری ناڕازیی زیندانیکراویان کرد. ئێستینگ گۆرانیبێژی بەریتانی، جید ئەمێلیا سیروال گۆرانیبێژ، مارگارێت ئەتوود نووسەری کەنەدی و گرووپی ڕاکی بەریتانی "کۆلدپلی" لە واژۆکارانی ئەم نامەیەن.
لەم نامەیەدا کە کۆپییەکی ئەمڕۆ ٢١ی گوڵان، لە ڕۆژنامەی گاڕدییەن بڵاوکرایەوە، ئەم هونەرمەندانە و کەسایەتییە فەرهەنگییانەی نێودەوڵەتی، داوای "هەڵوەشاندنەوەی بەپەلە و بێ مەرجی حوکمی ئێعدامی توماج ساڵحی و ڕەتکردنەوەی سەرجەم تۆمەتەکانی دژ بە ناوبراویان کردووە". هەروەها جەختیان لەسەر ئازادی ئەم گۆرانیبێژە ناڕازییە ئێرانییە بەبێ دواکەوتن کردووە.
واژۆکارانی ئەم نامەیە گوتوویانە: "دەبێت ڕێگە بە هونەر بدرێت ڕەخنە بگرێت، هان بدات، پرسی دەسەڵات بکات. ئەمە هەم ماڤ و هەم ئەرکی ئێمەی هونەرمەندە".
ئەوان جەختیان لەوە کردەوە: "نابێت هیچ هونەرمەندێک بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە ماڤی ئازادی بەیان تووشی ئازار و ئەزێتی دادوەری بکرێت، چی بگا بەوەی سزای لەسێدارەانی بەسەردا بسەپێنرێت".
ڕۆژی ٥ی گوڵان، دادگای شۆڕشی ئیسفەهان، سەبارەت بە دۆسیەی تۆمەتباری ساڵی ١٤٠١ بۆ توماج ساڵحی حوکمی ئێعدامی دەرکرد. هەواڵی درکردنی حوکمی ئێعدام بۆ ئەم گۆرانیبێژە ناڕازییە، شەپۆلێکی بەرفراوانی جیهانی لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم حوکمەی بە دواوە بوو، کە هەروەها بەردەوامە.
تێبینییەکەت بنووسە