close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
بەندکراوان

بەردەامیی دەستبەسەرکران و نادیاربوونی دۆخی کەمال لوتفی

۱۵ جۆزەردانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
کەمال لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان
کەمال لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان

دوای تێپەڕنی ٥٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی کەمال لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان، ئەم هاووڵاتییە دادخوازە بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە و بەبێ ڕەچاوکردنی مافی وەرگرتنی پارێزەر، خزمەتگوزاریی پزیشکی و دیدار لەگەڵ بنەماڵەدا، لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو لە زیندانی کامێراندا ڕاگیراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە راپۆڕتێکدا لەم پەیوەندییەدا بە گێرانەوە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار نووسیویەتی: «کاک کەمال لوتفی لە کۆتایی گوڵاندا (ناوەڕاستی مەی) دوای نزیکەی مانگێک دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی پارێزگای کوردستاندا، گوازرایەوە بۆ زیندانی کامێران. هەروەها بە بڕیاری داواکاری گشتیی کامێران لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە و تا ئێستایش لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو و لە زینداندا ڕاگیراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، کەمال لوتفی نەخۆشیی پێستی لەگەڵە، بەڵام تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی دەرمانەکان و خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە و ئەمەیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانیی بنەماڵەکەی لە ئاست دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییەدا.

کەمال لوتفی ٢١ی خاکەلێوە دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی قوروە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی دێولانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکران، بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری حکومەتی ئێران» سزای ٢ ساڵ و بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان) لە ئەگەری پەسەندکردنی حوکمەکەدا، سزای ٢ ساڵ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دوای تانەدانی کەمال لوتفی لەو حوکمە، دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردراوەتە بەردەم دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان.

کەمال لوتفی یەکەم جار ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لە شەقامێکی دێولاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی کامێران کرا.

کەمال لوتفی باوکی ڕەزا لوتفییە کە ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دێولاندا بە دەسڕێژی هێزەکانی یەکەی تایبەت کوژرا.

دوای کوژرانی ئەم لاوە ٢٠ ساڵەیە، بنەماڵەکەی کەوتنە ژێر هەڕەشە و گوشاری سوپای پاسدارانەوە تاکوو لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا بڵێن کە کوڕەکەیان بە دەستی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان کوژراوە.

دوابەدوای بەردەوامبوونی هەڕەشە و گوشارەکان، کەمال لوتفی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و بە ڕوونی و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.

تێبینییەکەت بنووسە

بەندکراوان

نادیاربوونی چارەنووسی سووسەن حەسەنزادە، مامۆستای دەستبەسەرکراوی زمانی کوردی لە بۆکان

۱۵ جۆزەردانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
نادیاربوونی چارەنووسی سووسەن حەسەنزادە، مامۆستای دەستبەسەرکراوی زمانی کوردی لە بۆکان