"مێهدی مەحمودیان" چالاک و ڕۆژنامەنووسی سیاسی ڕایگەیاند، ڕۆژی ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، لە لایەن دادگای شۆڕش دوو دۆسیەی نوێی بۆ کراوەتەوە.
ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نووسیویەتی: "کردنەوەی دۆسیەی نوێ بە سکاڵای بەهەشتی زەهرا بە هۆی لێدوان سەبارەت بە کێشەی هاووڵاتیانی پەێڕەوی ئایینی بەهایی لە ناشتنی کۆچکردووانیان و ڕەوانەکردنی دۆسیەیەک بۆ دادگای شۆڕش بە هۆی پشتڕاستکردنەوەی هەبوونی گەنەکەوڵە لە زیندانی ئێڤین، ئەمڕۆ هەردووکیان ڕاگەیەندرا".
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە چالاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆک کۆماری ١٤٠٣ی هەتاوی، بانگهێشت، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون.
"مێهدی مەحمودیان"، زیندانی سیاسی و چالاکی ڕێفۆرمخواز، ئەندامی لێژنەی زانیاریی بەرەی "هاوبەش" و ئەنجومەنی "بەرگری لە مافی زیندانیان"ە. ناوبراو چەندین جار بەهۆی چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانییەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.
لە نێویاندا لە ٢٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ کەسانی دیکە بەهۆی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر کەمتەرخەمی لە بەرگری لە ڤایرۆسی "کۆڕۆنا" لە ئێران دەستبەسەر کران. لە دۆسیەی ناوبراو و هاوڕێکانی "پێکهێنان و بەڕێوەبردنی گرووپی دژە نیزام، بانگەشە دژی نیزام و تێکدانی نەزمی گشتی" ئاماژەیان پێکراوە. دوای ئەم دەستبەسەرکردنە، حوکمی پێشووی مەحمودیان جێبەجێ کرا و دەبوو ٥ ساڵ زیندانی بکێشێت.
مەحمودیان دوای تێپەڕاندنی سی مانگ زیندانی لە ڕێکەوتی ١٣ی بافرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.
تێبینییەکەت بنووسە