close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
بەندکراوان

هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستەی چوار بەندکراو لە ورمێ

۵ پووشپەڕی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۳ خولەکدا
هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستەی چوار بەندکراو لە ورمێ
هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستەی چوار بەندکراو لە ورمێ

ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و مەجیدی، داواکاری گشتیی ورمێ، لەم ڕۆژانەی دواییدا لە کاتی بەسەرکردنەوەی زیندانی ناوەندیی ورمێ و لە دیداری چوار بەندکراوی سزادراو بە بڕینەوەی پەنجەکانی دەستدا، هادی ڕوستەمی، مێهدی شەڕەفیان، کەسرا کەرەمی و مورتەزا ئیسماعیلیان، هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزاکەیان لێ کردوون.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەم دیدارەدا کە لەسەر داوای خودی ئەو زیندانیانە ئەنجام دراوە، بەرپرسانی فەرمانگەی داد وێڕای ڕەتکردنەوەی داواکەیان بۆ لێخۆشبوون، ڕایانگەیاندووە کە دەیانەوێ لە داهاتوویەکی نزیکدا سزاکە جێبەجێ بکەن.

لە ئێستەدا لانیکەم ٦ بەندکراوی تۆمەتبار بە «دزی» بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، ٣٤ ساڵان، مێهدی شەرەفیان، ٣٨ ساڵان، مێهدی شاهیوەند، ٤٣ ساڵان، شەهاب تەیمووری، ٣٦ ساڵان، مێهرداد تەیمووری، ٤٠ ساڵان، کەسرا کەرەمی، ٤١ ساڵان و مورتەزا ئیسماعیلیان، ٤٤ ساڵان، بە سزای «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەست»ـەوە لە زیندانی ورمێدان.

پێشتر هادی ڕوستەمی، مێهدی شاهیوەند، مێهدی شەرەفیان و کەسرا کەرەمی دوای پەسەندکرانی حوکمەکەیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو سزایە لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) کرابوون و دوای ماوەیەک سەرلەنوێ گەڕێنرانەوە بۆ زیندانی ورمێ.

هادی ڕوستەمی، مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند، خەڵکی شارەکانی ئیلام و خوڕەمئاوا، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و ڕۆژی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠١٩) لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لە لایەن دادگای کەیفەریی یەکی ورمێوە بە تۆمەتی «دزی» سزا دران بە «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست بە شێوەیەک کە تەنها پەنجە گەورەکە و ناودەستیان بمێنێتەوە» و «قەرەبووکردنەوەی کاڵای دزراو». دۆسیەی ئەم بەندکراوانە دوای تانەلێدان ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کرا و لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵانی ١٣٩٩دا (١٠ی مەیی ٢٠٢٠) لقی ١٣ی ئەو دیوانە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «عەلی شووشتەری» سزاکەی وەک خۆی پەسەند کردەوە.

کەسرا کەرەمی، خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەری ١٣٩٤دا (١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥) لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا. کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٥دا (١٢ی فێبرییەی ٢٠١٧) بە ئامادەبوونی ١٩ سکاڵاکاری تایبەت و پارێزەرەکەی ئەم زیندانییە لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی ورمێ بەڕێوە جوو و لە لایەن ٣ دادوەری ئەم دادگایەوە بە ناوەکانی عەلیڕەزا ئاقازاده، حەمزه عەلی ئەحمەدی و سلێمان نەجەفی بە تۆمەتی «دزی» سزای بڕینەوەی دەستی بۆ دەرچوو. دوای تانەدانی پارێزەر لەو حوکمە، دۆسیەکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ئێران کرا و ئەم دادگایە ڕۆژی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٦ (٢٤ی مەیی ٢٠١٧) لەبەر ئەوەی سکاڵاکارەکان داوای سزای بڕینەوەی دەستیان نەکردبوو، سزاکەی هەڵوەشاندەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ناردیەوە بۆ لقی ١ی دادگای کەیفەریی ورمێ.

ئەم بەندکراوە جارێکی تر لە ساڵی ١٣٩٦دا (٢٠١٧) لە لایەن هەمان دادگاوە سزای «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست»ی بەسەردا سەپا. ئەم سزایە ساڵی ١٣٩٩ (٢٠٢٠) لە دیوانی باڵای ئێران وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

مورتەزا ئیسماعیلیان، ٤٤ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی ورمێ، ساڵی ١٣٩٢ (٢٠١٣) بە تۆمەتی «دزی» لە لایەن دادگایەکەوە لە ورمێ سزای «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست» و ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم سزایە ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٦) لە دیوانی باڵای ئێران وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

مێهرداد تەیمووری  و شەهاب تەیمووری، خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو و دانیشتووی کەرەج، لەگەڵ هاووڵاتییەکی تردا بە ناوی ئیبراهیم خەتیبی لە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٧دا (٦ی دیسامبەری ٢٠١٨) بە تۆمەتی یەک حاڵەتی دزی لە مەلاردی کەرەج دەستبەسەر کران.

بەپێی دادنامەیەک کە بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، پۆلیسی ئیدارەی ئاگاهیی ورمێ ئیدیعای کردووە کە ئەم سێ زیندانییەی دانیشتووی کەرەج کە پێشتر پێشینەی دزی و سزادان بە دانەوەی کاڵا دزراوەکەیان بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوە و دانەوەی ئەو کاڵا دزراوە لە ماڵێک لە شاری ورمێ دزییان کردووە و دواتر لە مەلاردی کەرەج دەستبەسەر کراون.

ئەم سێ بەندکراوە لە گەلاوێژی ١٣٩٨دا (ئاگۆستی ٢٠١٩) لە لایەن دادگای کەیفەریی یەکی ورمێوە بە تۆمەتی «دزی» سزای «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست»یان بۆ دەرچوو. دوای تانەدانی پارێزەرە دانراوەکەی ئەم سێ زیندانییە لە سزاکە، دۆسیەکەیان ڕەوانەی بەردەم لقی ٢٤ی دیوانی باڵای ئێران کرا و لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) سزاکەی مێهرداد تەیمووری  و شەهاب تەیمووری وەک خۆی پەسەند کرایەوە و سزاکەی ئیبراهیم خەتیبی وەک تاوانی حەد لە قەڵەم نەدرا و هەڵوەشایەوە.

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

کەنەدا مۆڵەتی نەدا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئێرانی لە وڵاتەکەیدا بەڕێوەبچێت

۵ پووشپەڕی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
کەنەدا مۆڵەتی نەدا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئێرانی لە وڵاتەکەیدا بەڕێوەبچێت