سەرۆکی دەزگای "صدا و سیما"(تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ)ی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، فەرمانی پێ کراوە چیتر ڕووخانی بینای مێترۆپۆلی ئابادان ڕووماڵ نەکەن.
"پەیمان جێبلی"، ڕۆژهی سێشەممە ٣ی جۆزەردان وتی، لەکاتێکدا کە ستافی کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی "خەبەر" بۆ ڕووماڵی ڕووداوەکە چووبوونە ئابادان، لە هەندێک شوێنەوە فەرمان هات کە کارەکە بوەستێندرێت.
جێبلی بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی ئەو ناوەندانەی فەرمانەکەیان دەر کردووە بدات، وتی: "تەنیا دەتوانم ئەوە بڵێم کە پێیان وتین ڕووماڵی ڕووداوەکە سنووردار بکەینەوە بە یەک دوو کاتژمێر."
ئەوەش لەکاتێک دایە کە ڕۆژی ١٩ی گوڵان تۆماری دەنگیی بەڕێوەبەری ڕادیۆ "فەرهەنگ"ی "صدا و سیما بڵاو کرایەوە کە تیایدا داوا لە پێشکەشکاران و هەواڵنێرانی ڕادیۆکە دەکرا هەواڵی گرانی و کەمیی کاڵا سەرەکیەکان سانسۆر بکرێت.
مێترۆپۆل. بینایەکی ١٠ نهۆمیی بازرگانی بوو لە شاری ئابادان کە ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ ڕووخا و لە ئەنجامی دا ١٤ هاوڵاتی کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
تیمەکانی فریاگوزاری لەپاش ڕووداوەکەوە سەرقاڵن بە ڕزگار کردنی ئەو کەسانەی لە ژێر ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە، بەڵام بەگوێرەی دوایین هەواڵەکان هێشتا ژمارەیەک لە هاوڵاتیان لە ژێر ڕووخاوەکاندا ماون و نەدۆزراونەوە.
هەرچەند داواکاری گشتیی خوزستان بڕیاری دەستگیر کردنی ١٠ تۆمەتبار لەوانە خاوەنی بیناکەی دەرکرد بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام دواتر ڕاگەیەندرا کە تەرمی "حسێن عەبدولباقی" لە ژێر ڕووخاوەکان دەرهێندراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر هەندێک سەرچاوەی نافەرمی هەواڵی دەرچوونی عەبدولباقی لە شاری ئابادانیان بڵاو کردبووەوە.
تێبینییەکەت بنووسە