ڕۆژی شەممە ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠١، بەلەمێکی گەشتیاری بە ١٢ سەرنشینەوە لە ڕووباری "کاروون"ی پارێزگای خوزستاندا نوقم بوو، لەئەنجامی ئەو ڕووداوەدا چوار هاوڵاتی لەوانە سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ڤیدیۆیەک کە میدیاکانی پارێزگای خوزستان بڵاویان کردۆتەوە، تیمە فریاگوزارییەکان و هاوڵاتیان توانیویانە هەشت سەرنشینی ئەو بەلەمە گەشتیارییە ڕزگاربکەن.
وەک ئەو میدیایانە ڕایانگەیاندووە، سەرەڕای هەوڵی تیمە فریاگوزارییەکان پیاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵ و سێ منداڵی لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەستداوە.
"مەنووچێهر تەبریزی"، جێگری ئۆپەراسیۆنی ئاگرکوژێنەوەی خۆرەمشەهر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا" وتوویەتی، هۆکاری نوقم بوونی ئەو بەلەمە سەرخستنی سەرنشینی زیاتر لە ئاستی دیرایکراو بووە.
"ئومێد ئەسکەندەری"، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری خۆرەمشەهریش وتوویەتی، ئەو بەلەمە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە نوقم بووە.
"نادر نەقیبی"، بەڕێوەبەری بەشی ڕووداوە نەخوازراوەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی "ئابادان" سەبارەت بەو ڕووداوە وتوویەتی، جگە لەو چوار کەسەی گیانیان لەدەستداوە، پێنج منداڵی دیکەش برینداربوون.
ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠١یش، بەهۆی ڕووداوی نێوان دوو بەلەمی گەشتیاریی دیکە لە ڕووباری کارووندا چەند سەرنشینی ئەو بەلەمانە برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پزیشکی دادی ئێران، پارێزگای خوزستان لەماوەی ساڵی ١٣٨٢ـەوە بۆ ١٣٩٦ دووەم پارێزگای ئێران بووە کە زیاترین قوربانیی نوقم بوونی تیادا تۆمارکراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە لەماوەی ئەو ١٤ ساڵەدا سێ هەزار و ٩٣ کەس لە پارێزگای خوزستان بەهۆی نوقم بوون لە ڕووبار و دەریاکاندا گیانیان لەدەستداوە.
تێبینییەکەت بنووسە