"ئەحمەد وەحیدی"، وەزیری ناوخۆی ئێران لە پرێس کۆنفرانسێکدا سەبارەت بە کەمپەینی ناڕەزایی ژنانی ئێرانی لەدژی حیجابی زۆرەملی وتی، "هۆشداریی جدی دەدەینە ئەو ژنانەی سوورن لەسەر پێشێلکردنی ڕێوشوێنەکانی حیجاب."
وەحیدی کە جێگری فەرماندەی هەموو هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتیشە وەک کاردانەوە بەو ژنانبەی حیجاب و سەرپۆش لاسەر لادەبەن وتی، :ئەم هەوڵانە زیاتر لە دەرەوەی وڵاتەوە ڕێکدەخرێن و مەبەستیشیان ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکومەتی ئیسلامییە."
هاوکات سەرۆکی دەزگای عەقئدەتی سیاسی ئەرتەشی ئێران پێشێلکردنی حیجابی بە سەنگەری یەکەم ناودێر کردووە و هۆشداریی داوەتە لایەنگرانی حکومەت: "ئەگەر ئەم سەنگەرە لە دەست بچێت هەموو سەنگەرەکانی دیکەش بە ئاسانی دەڕووخێن."
مەبەستی "عەباس محەمەد حەسەنی" لە سەنگەر، بەرگری کردنە لە حکومەتی کۆماری ئیسلامی بە داسەپاندنی حیجاب بۆسەر ژنان لە ئێراندا.
ڕۆژی ڕابردوو ٢١ی پووشپەڕ، کە لەم دواییانەدا لەلایەن دەزگا فەرهەنگی و ئەمنییەکانی "کۆماری ئیسلامی"ـیەوە بە ڕۆژی "حیجاب و عیفاف" ناونرا؛ ژمارەیەکی بەرفراوانی ژنان لە شارە جیاجیاکانی ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملی، حیجابیان لەسەر لابرد و ئاگریان لە سەرپۆشەکانیان بەردا.
تێبینییەکەت بنووسە