فەرهاد نەوایی، قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵان کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا لە مهاباد دەستگیر کرابوو، بە بۆنەی کۆمەڵێک تۆمەتی سیاسی سزای دوو ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێندراوە.
ماڵپەڕی کوردپا، ڕۆژی دووشەمە ١٩ی پووشپەڕ دوای بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە نووسی، دادگای سزادانی مهاباد فەرهاد نەوایی بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوکاریی کردن بە دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە زیندان سزا داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، لە کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی ورمێ سزای زیندان بۆ فەرهاد نەوایی دەرچبوو و ڕۆژی شەمە ١٧ی پووشپەڕ، لە دوای سەردانی بنەماڵەی نەوایی بۆ دادگا، ئەم هەواڵەیان پێ ڕاگەیاندبوون.
هەروەها فەرهاد نەوایی پێشتر لە لایەن دادگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بە "موحاربە" تۆمەتبار کرابوو کە لەو بڕیارەدا، بێتاوان دەرچووە.
ئەم گەنجە تەمەن ١٦ ساڵانە، لە ماوەی دەستبەسەربوون و کۆبوونەوەی دادگا لە پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش کرابوو و هەروەها دادگا بۆ ئازادیی کاتی ئەم زیندانییە بارمتەی بە بڕی ٥ میلیارد تمەن دیاری کردبوو، کە بنەماڵەکەی توانای دابین کردنیان نەبوو.
هەواڵدەری میزان، سەر بە دەزگای دادوەری، ڕۆژی ١٢ی پووشپەڕ پشتڕاستی کردبووەوە کە بە هۆی "بێتوانایی بنەماڵەکەی لە دابین کردنی ئەو بارمتەیە" لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووەوە لە کانونی ئیسڵاح و تەربیەت ماوەتەوە.
فەرهاد نەوایی ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکانیی کۆماری ئیسلامی لە مهاباد دەستگیر کرا.
کاناڵی شورای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم قوتابییە لە کاتی دەستبەسەر بوونیدا مەجبوور بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە.
تێبینییەکەت بنووسە