سەندیکای کرێکارانی شرکەتی واحیدی پاسی تاران و دەوروبەر، لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێکەوە لە کەناڵی تێلێگرامییەکەی خۆیدا، دەرکردنی سزای ساڵێک بەندکرانی "ساڵح نیکبەخت"، پارێزەری بنەماڵەی "ژینا-مەهسا- ئەمینی"ی مەحکووم کرد.
نووسەرانی ئەم ڕاگەیەندراوە بە ئاماژەدان بەمەی کە ئەم پارێزەرەی دادگا، پارێزەری ژمارەیەکی زۆری چالاکانی کرێکاران و مامۆستایانیش بووە نووسیویانە: "بەڕێز نیکبەخت بە قبووڵ کردنی پارێزەریی کرێکاران و مامۆستایان، هەوڵەکانی شایانی ڕێزن بۆ وەدیهێنانی دادپەروەری و بۆ ڕزگاریی مرۆڤە ماف خوازەکان کە بۆ لابردنی هەڵاواردن لە کۆمەڵگادا خەبات دەکەن. ئەم بەڕێزە ئەرکی پارێزەریی سەندیکای کرێکارانی شرکەت واحدی هەر لە سەرەتای پێکهاتنییەوە لەئەستۆ بووە و هەمیشە لە پاڵ چالاکانی کرێکاری و مامۆستایاندا بووە و لەم ڕێگایەدا هەموو هەوڵەکانی خستۆتەگەڕ."
ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دادگا کە پاریزەریی بنەماڵەی ژینا مەهسا ئەمینیی لەئەستۆیە بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی بە دژی کۆماری ئیسلامی"، بە ساڵ زیندانی تەعزیری و وەک سزای تەواوەتی، بۆ ماوەی دوو ساڵ چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا قەدەغە کراوە.
ئەم پارێزەرەی دادگا بە بیانووی ئەو وتووێژانەی کە سەبارەت بە دۆخی دۆسییەکانی بەردەستی و هەروەها بارودۆخی دژواری کۆڵبەران و کوشتار کردنیان لە ئێران و ڕەخنە کردنی دانپێدانانی زۆرەملێی تاوانبارانی سیاسی لە سەداوسیما و قسە کردن لەسەر ئەرکی بەرپرسان سەبارەت بە پاراستنی گیانی تۆمەتباران لەوانە لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ولاتی کردووە، لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشدا بە تاوانکار دەست نیشان کرا و سزایەکیش کە بۆی دەرکرابوو لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە.
سەندیکای کرێگارانی شرکەتی واحیدی ئۆتوبووسڕانیی تاران و حەومە، جگە لە مەحکووم کردنی ئەم سزایە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "ڕون و ئاشکرایە کە قبوڵ کردنی پارێزەریی بنەماڵەی گیان بەخت کردوو ژینا ئەمینی و کرێکاران و مامۆستایان و باقیی چالاکانی کۆمەڵایەتی بۆتە هۆی ڕقهەڵگرتنی ئەمنییەتی و قەزایی لەم پارێزەرە سەربەخۆ و شەریفە و دەر کردنی سزای زیندانیش هەر لەم ڕوانەگەوە دێت. لە حاڵێکدا کە هەوڵەکانی بەڕێز نیکبەخت و قبووڵ کردنی پارێزەریی بنەماڵەی ژینا ئەمینی و کرێکاران و مامۆستایان بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران بووە، بەڵام وڵامی هەوڵەکان بۆ بەرگریی هەر لەم مافە یاسایانەی کرێکاران و خەڵکی ستەم لێ کراو لە لایەن بەرپرسانەوە سزای زیندانە."
تێبینییەکەت بنووسە