هەواڵدەریی میزانی سەر بە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەرگی "تۆمەتبارێکی ئەمنییەتی"ی لە دادگای شۆڕشی تاران پشتڕاست کردەوە و نووسیویەتی کە ئەم تۆمەتبارە ئەمنییەتییە لە کاتی بەرگری کردن لە خۆی لە دادگادا لە سەر خۆی چووە و دوای ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.
میزان، ڕۆژی دووشەمە ١٥ی خەزەڵوەر، بەبێ ئاماژە کردن بە ناوی ئەو کەسەی کە گیانی لە دەست داوە، تۆمەتەکانی ئەم هاوڵاتییەی بە ئەمنییەتی ڕاگەیاندووە و نووسیویەتی ئەم کەسە زیندانیی نەبووە و پارێزەرەکانیشی لە کۆ بوونەوەی داگایی کردنەکەیشیدا ئامادە بوون.
دوو ڕۆژ پیش ئەمە، ڕەزا خەندان، چالاکی مافەکانی مرۆڤ لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا ناسنامەی ئەم کەسەی گیانی لە دەست داوە بە سەعید خادەمی لە دایک بووی ١٣٤١ ڕاگەیاندووە و نووسیویەتی ئەم کەسە بە تۆمەتگەلی وەک بێ ڕێزی کردن بە پیرۆزییەکان و… بۆ دادگایی کردن بۆ لقی ٢٩ی دادگای شۆڕش بانگهێشت کرابوو کە لە شوێنی لقی ٢٩دا بەر عەرزدا دەکەوێت و لە ماوەیەکی کورتدا گیانی لە دەست داوە.
حوسەین عەسکەری ڕاد، پارێزەری سەعید خادەمییش لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی ئینساف نیووز دەربارەی وردەکارییەکانی دۆسییەی بەڕێز خادەمی وتوویەتی کە ئەو لە ساڵی ١٤٠١دا بە تۆمەتی پروپاگاندا بە دژی ئیسلام لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیر کراوە و بۆ ماوەیەک بە شێوەی کاتی لە گرتووخانەی هێزە ئەمنییەتییەکاندا راگیراوە و دواتر ئازاد کراوە.
هەروەها ئینساف نیووز نووسیویەتی، سەعید خادەمی لە توێژینگەیەکی سەر بە محەمەد جەواد لاریجانیدا کاری کردووە.
بە گوتەی لێپرسراوێکی دادگای شۆڕشی تاران، بەپێی ڕا و بۆچوونی سەرەتایی کاربەدەستانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە هۆکاری مەرگی سەعید خادەمی وەستانی دڵ بووە بەڵام تەرمەکەی ئەو بۆ "لێکۆڵینەوەی کارناسانە و ئەنجامدانی تاقی کردنەوە پسپۆڕانەکان" بۆ نەخۆشخانەی یاسایی ڕاگۆێزراوە.
تێبینییەکەت بنووسە