"ماشەڵا کەرەمی"، باوکی "محەمەدمێهدی کەرەمی"، گەنجێکی ناڕازی که لە سێدارە درا، پاش تێپەڕ بوونی ۱۰۰ ڕۆژ دەستگیریی، تا ئێستاش لە زیندانی ناوەندی شاری کەرەج لە دۆخێکی هەڵپەسێراو دایە.
ئەم باوکە دادخوازە لە بەرواری ۳۱ی گەلاوێژی ۱٤۰۲، دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە کەرەج دەستگیر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گوازرایەوە.
هەندێک لە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی بارمتەی قورسی حەوت میلیارد تمەنیان بۆ ئازاد کردنی کاتی مەشەڵا کەرەمی داناوە. هاوکات بنەماڵەی کەرەمی توانایی دابین کردنی ئەو بڕە پارەیەیان نییە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراوەتەوە، لە کاتی دەستگیریی بەڕێز کەرەمی، هێزە ئەمنییەتییەکان ژمارەیەک لە کەلوپەلەکانیان لەوانە لاپتۆپ و مۆبایلەکەی ئەو و بنەماڵەکەیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراوەتەوە، کارتە بانکییەکانی ماشەڵا کەرەمی و بنەماڵەکەیان داخستووە.
ماشەڵا کەرەمی لە کاتی دەستگیرییەکەیدا لە بەرواری ٦ی خەزەڵوەر لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج زیندانی بوو و دوا بە دوای ئەوە، گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندەی ئەم شارە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بە سەر دەستگیرییەکەدا، هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی دۆسییەکەیدا دروست نەبووە.
دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی تا ئێستا تۆمەتەکانی بەڕێز کەرەمی ڕاینەگەیاندووە، هەروەها پارێزەری ئەم بنەماڵەیە، "ئەمیر حوسەین کوهکەن" زیاتر لە سێ مانگ دەبێت دەستگیر کراوە.
ئەمیرحوسیەن کوهکەن، پارێزەری بنەماڵەی کەرەمی، بەر لە دەستگیرییەکەی لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە بەردەم دەرگای ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کەرەج ڕایگەیاندبوو بانگهێشت کراوە و ئەگەری دەستگیرکردنیشی بە نایاسایی وەسف کردووە.
لە ماوەی سەد ڕۆژی ڕابردوودا، هێزەکانی ئیتلاعات هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی ئەم باوکە دادخوازە و میدالیاکانی محەمەدمێهدی کەرەمیان تێکشکاندووە و زەرەر و زیانێکی زۆریان لە ماڵەکەیان داوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن هاوسەر و کوڕەکەیتری بەڕێز کەرەمی ناچار بوون ماڵەکەیان بەجێبهێڵن.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا وێنەیەک لە دایکی محەمەدمێهدی کەرەمی و کۆڕەکەی دیکەی بڵاو کراوەتەو کە هەردووکیان بە تەنیایی لە سەر مەزاری محەمەدمێهدی کەرەمی دانیشتوون.
ماشەڵا کەرەمی، دستفرۆشێکە کە کوڕەکەی محەمەدمێهدی کەرەمی لە بەرواری ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ لە دۆسیەی کوژرانی "ڕوحوڵا عەجەمیان"، لە ڕێوڕەسمی چلەی "حەدیس نەجەفی" لەسێدارەدرا.
محەمەدمێهدی کەرەمی و "محەمەد حوسەینی" دوو کەس لەو ١٥ تۆمەتبارەی ئەم دۆسیەیە بوون کە لە پڕۆسەیەکی نادادپەروەرانەدا، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێ لە کاتی دەستگیریی و لێکۆڵینەوەدا، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو و بە خێرایی سزاکەیان جێبەجێ کرا.
ماشەڵا کەرەمی کە لە دوای لەسێدارەدانی کوڕەکەی چەند وێنەیەکی خۆیی لە سەر مەزارەکەی ئەو و محەمەد حوسەینی، ناڕازییەکی لەسێدارەدراوی دیکە، بڵاو کردەوە، لە ناو خەڵکدا بوو بە یەکێک لە هێما دادخوازییەکان لە داوی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ١٤٠١دا.
وێنەی ئەو لەگەڵ "ئەمجەد ئەمینی"، باوکی دادخوازی "ژینا (مەهسا) ئەمینی" لە نەورۆزی ١٤٠٢ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، شەپۆلێکی هاودڵی و هاوڕێیەتی لێکەوتەوە. ئەم دوو باوکە دادخوازە بە نیشانەی یەکێتیی و یەکگرتوویی دەستی یەکیان گرتبوو.
یەکێکی دیکە لە هەوڵەکانی ماشەڵا کەرەمی، بڵاو کردنەوەی خواردن بە ناو گیان بەخت کردووانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانەوە لە ناو خەڵکدا بوو.
دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی لە دۆسیەی مەرگی ڕوحوڵا عەجەمیان لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، محەمەدمێهدی کەرەمی و ٢٠ کەسی دیکەیان دەستگیر کرد. دوای ماوەیەک لەسێدارەدرا لە حاڵێکدا ئەم دۆسیەیە ١٥ تۆمەتباری هەیە و سزای قورس بە سەر گشتیاندا سەپاوە کە پشکی محەمەدمێهدی کەرەمی و محەمەد حوسەینی لەسێدارەدان بوو.
دوکتور "حەمید قەرەحەسەنلو" و "فەرزانە قەرەحەسنلو"، هاوسەرەکەی لەم دۆسیەدا سەرەتا سزای لەسێدارەدان و پاشان هەر یەکیان بە ١٥ و ١٠ ساڵ زیندان سزا دران.
بەڵام "حوسەین عەجەمیان"، برای ڕوحوڵا عەجەمیان ڕۆژی چوارشەمە ١٧ی خەزەڵوەر لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئێعتماد"، محەمەد حوسەینی و محەمەدمێهدی کەرەمی وەک "دوو کەسی بێ بنەچە" ناو برد کە لە جیاتی "کەسی سەرەکی"، واتە دوکتور قەرەحەسەنلو لەسێدارەدران.
پێشتر "میرزا وەلی عەجەمیان"، باوکی ڕوحوڵا عەجەمیان لە وتووێژێکی تێلێویزیۆنیدا بانگەشەی کرد بکوژی سەرەکیی کوڕەکەی "عەلی ئەکبەر ویلایەتی"یە کە دەستوەردانی لەم دۆسیەیەدا کردووە، حەمید قەرەحەسەنلوو "پوڵدارە و دوکتور" بوو، لەسێدارەدان ڕزگار کرد.
محەمەدمێهدی کەرەمی، گەنجێکی وەرزشوانی تەمەن ٢٢ ساڵانی یارسان و خەڵکی بیجاڕ بوو کە لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ شاری نەزەرئاباد کوچیان کردبوو و بە شێوەی پڕوفشناڵ لە لقی کاراتێ چالاک بوو.
ئەو لە ساڵی ١٣٩٦ بە وەرگرتنی زیاتر لە ١٠ بابەتی پاڵەوەانی لە ئاستی نیشتمانی و پارێزگا بانگهێشتی ئوردوویی تیمە نیشتمانییەکانی کاراتێی کۆماری ئیسلامی ئێران کرابوو. محەمەدمێهدی کەرەمی بە کرێکاری و بە وتەی خۆی "بە نانی حەڵاڵ"، یارمەتی بنەماڵەی دەکرد.
یەکێک لە کاریگەرترینی ئەو دەنگانەی لە ناڕازیانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ماوەتەوە و خاوەنەکەی لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سپێندرا، گرتەیەکی دەنگیی محەمەدمێهدی کەرمییە کە لە دوای ڕاگەیاندنی سەرەتایی سزای لەسێدارەدانی لە پێوەندییەکی تێلێفۆنی لە زیندانەوە بە باوکی دەڵێت: "باوکە بڕیارەکانیان ڕاگەیاندووە، سزاکەی من لەسێدارەدانە، هیچ بە دایکم مەڵێ…"
تێبینییەکەت بنووسە