نەرگس مەنسووری، چالاکی کرێکاری و ئەندامی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی تاران و دەوروبەری دەستگیر کرا.
ماڵپەڕی مەشرێق، نزیک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان، لەم بارەوە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم چالاکە کرێکارییە "لە کاتی چوونە دەرەوەی نایاسایی لە سنوور دەستگیر کراوە."
ئەمە یەکەم جار نییە کە سەرچاوەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی "دەستگیر کردن لە کاتی دەرچوونی نایاسایی" نەرگس مەنسووریی هێناوەتە ئاراوە. ماڵپەڕی ئیرنا ٢٩ی گوڵانی ساڵی ١٤٠١یش ڕایگەیاندبوو کە ئەم چالاکە کرێکارییە کە نزیک "دوو ساڵ و نیو" لە مەرەخەسی و پشووی زینداندا بووە، لە کاتی "دەرچوونی نایاسایی" لە ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیر کراوە.
نەرگس مەنسووری کە یەکێک لە ١٤ ژنە واژۆکارەکەی "ڕاگەیاندنی ١٤" بۆ دەست لە کار کێشانەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیشە، بە تۆمەتی بێڕێزی کردن بە ڕێبەری بە شەش ساڵ زیندان سزا درابوو.
نەرگس مەنسووری، پێشتر لەبەر نەخۆشین و بۆ نەشتەرگەری "بەتاڵ کردنەوەی منداڵدانی" هاتبووە پشوو و مەرەخەسی.
تێبینییەکەت بنووسە