بەپێی زانیارییەکانی "ئێرانوایەر"، کۆماری ئیسلامی ڕێگریی کردووە لە ڕۆیشتنی بنەماڵەی "ژینا (مەهسا) ئەمینی" لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی "ئیمام خومەینی" بۆ ڕۆیشتنە دەرەوەیان لە وڵات و وەرگرتنی خەڵاتی "ساخارۆف. خەڵاتی مافی مرۆڤیی "ساخارۆف" ئەم ساڵ بەخشراوەتە ژینا و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی".
بەپێی زانیارییەکانی ئێرانوایەر، سەرباری ئەوەی کە بنەماڵەی ئەمینی بڕیار وابوو بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە بەرەو وڵاتی فەرانسا وەڕێ بکەون و بگەڕێنەوە بۆ ئێران، بەڵام ڕێک کاتژمێرێک پێش هەڵسانی فڕۆکەکە و سەرباری هەبوونی ڤێزای فەڕانسا و کارتی گەشتەکەیان، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە فڕۆکەخانە پێیان ڕاگەیاندن کە "ڕۆیشتنیان بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە کراوە" و ناتوانن لە ئێران بچنە دەرەوە.
بەپێی زانیارییەکانی "ئێران وایەر" بنەماڵەی ئەمینی لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و هەروەها لەگەڵ براکەی ژینا واتە کیارەش (ئەشکان) ئەمینیدا تێکەڵچوون و ڕێگای ڕۆیشتنیان پێ نەداوە. "ئێرانوایەر" زانیویەتی کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بنەماڵەی ئەمینی تێکهەڵچوون و کیارەش (ئەشکان) زیانی بەرکەوتووە. پارێزەرەکەیان "ساڵح نیکبەخت" بۆ وەرگرتنی خەڵاتە لە ڕێگای فەڕانسادایە.
پێشتر ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا وتبووی کە "ناوی ژینا بۆتە هێمای ئازادی خوازی و یەکسانی خوازی لە جیهاندا" و "ڕۆبێرتا مێتسۆلا"، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپایش دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی بەخشینی ئەم خەڵاتە بە ژینا وتی کە "ڕۆژی مەرگی ئەو وەک ڕۆژێکی تاڵ لە مێژوودا تۆمار دەکرێت."
خەڵاتی ساخارۆف بۆ ئازادیی ئەندێشە" دەبەخشرێتە چالاکانی مافی مرۆڤ. ئەم خەڵاتە پێشتر بەخشراوەتە "نێلسیۆن ماندێلا"، "دایکانی مەیدانی مایۆ" و زۆربەی ئەوانەی کە لە درێژەی دادخوازی و حەقیقەتدا خەباتیان کردووە. لە ناو چالاکانی ئێراندا پێشتر "نەسرین ستوودە" و "جەعفەر پەناهی" ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە. خەڵاتی ساخارۆف ساڵی ڕابردوو بەخشرابووە خەباتکاران و ئازادی خوازانی ئۆکراین.
ئەم خەڵاتە لە ڕۆژی ١٢ی دێسەمبەر دەبەخشرێتە "ژینا (مەهسا) ئەمینی" و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە نوێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە لە پەرلەمانی ئەورووپا "ئەفسوون نەجەفی" خوشکی "حەدیس نەجەفی" و "مێرسێدە شاهین کار" چالاکانی ئەم بزووتنەوەیەن کە چاویان لە دەست داوە. هەورەها بڕیار بوو کە بنەماڵەی ئەمینی بۆ خۆیان ئامادە بن تا خەڵاتە وەربگرن کە لە دوا چرکەساتی دەسپێکی گەشتەکەیان، کۆماری ئیسلامی سەرباری هەبوونی کارتی گەشت، ڕێگای سەفەرەکەیانی لێ گرت.
بە بنەماڵەی ئەمینی ڕاگەیەندراوە کە ڕۆژی یەکشەمە سەردانی ئیدارەی پاسپۆرت بکەن چونکە پاسپۆرتەکەیان لە لایەن هێزەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتییەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
تێبینییەکەت بنووسە