شەوی شەمە ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کردووە ڕێگریی لە سەفەری دەرەوەی وڵاتی دایک، باوک و برای "ژینا (مەهسا) ئەمینی" هەڵبوەشێننەوە و ڕێگەیان پێبدەن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مافی مرۆڤی "ساخارۆف" سەفەر بۆ فەڕەنسا بکەن.
ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢، ڕێگری لە سەفەر کردنی "موژگان ئیفتخاری"، "ئەمجەد ئەمینی" و "ئەشکان ئەمینی"، سێ ئەندامی بنەماڵەی ژینا ئەمینی کرا و لە فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی تاران، دەست بە سەر پاسپۆرتەکانیاندا گیرا.
بنەماڵەی ئەمینی دەیانویست بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی "ساخارۆف" بچنە فەڕەنسا.
"ڕۆبێرتۆ مێتسۆلا"، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" نووسی: "من داوا لە حکوومەتی ئێران دەکەم بڕیاری ڕێگریی لە چوونە دەروەی وڵاتی دایک، باوک و برای مەهسا ئەمینی هەڵبوەشێنێتەوە."
سەرۆکی پەرلەمان وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە بنەماڵەی ئەمینی دەبێت سێشەمەی داهاتوو "ڕۆژی ١٢ی دێسامبەر)، بۆ ئەوەی خەڵاتی ساخارۆف لەگەڵ "ژنانی بوێری ئێران" لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە شاری ستراسبورگی فەڕەنسا ئامادە بن، جەختی کردۆتەوە: "حەقیقەت نشاردرێتەوە."
I call on Iran’s regime to retract the decision to ban Mahsa Amini’s mother, father & brother from travelling.
— Roberta Metsola (@EP_President) December 9, 2023
Their place next Tuesday is at @Europarl_EN in Strasbourg to receive the Sakharov Prize, with the brave women of Iran.
The truth cannot be silenced.#WomanLifeFreedom
بڵاو بوونەوەی هەواڵی قەدەغەی چوونە دەرەوەی وڵاتی بنەماڵەی ئەمینی لە میدیاکاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتۆتەوە.
ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، ڕایگەیاند ئەو و بنەماڵەکەی هەینی ڕابردوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مافی مرۆڤی ساخارۆفی یەکێتیی ئەرووپا ئامادەیی سەفر کردن بوون بۆ فەڕەنسا، کە بە فەرمانی وەزارەتی ئیتلاعات ڕێگە بە سەفەرەکەیان گیراوە و داواکاری گشتیی تاران وتوویەتی ئاگاداری ئەم ڕووداوە نەبووە.
ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەو پێوەندییەدا بڵاوی کردۆتەوە، نووسیویەتی، پێشتر سەفەرەکەیان لەگەڵ هاوسەر و کوڕەکەی بە پارێزگاری کوردستان و دامودەزگاکانی دیکە ڕاگەیەندراوە، بەڵام "لە فڕۆکەخانەی خومەینی تاران و دوای ڕادەست کردنی جانتا و وەرگرتنی کارتی سەفەرەکەیان"، دەست بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گیراوە.
بە وتەی بەڕێز ئەمینی، لە دوای ئەوەی کە لەگەڵ پارێزەکەیدا سەردانی داواکاریی گشتیی تارانیان کردووە، بەرپرسی ئۆفیسی جێگری داواکاری گشتیی پێیانی وتووە "لە سەر داوای جێبەجێکار، واتە وەزارەتی ئیتلاعات"، ڕێگریی لە بنەماڵەکەی کراوە بۆ دەرەوەی وڵات سەفەر بکەن.
ئەمجەد ئەمینی لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە بە چ تاوانێک ڕێگریی لە بنەماڵەکەی کراوە، نووسیویەتی: "هەڵبەت خۆمان دەزانین تەنیا تاوانی ئێمە ئەوەیە کە بنەماڵەی ژینا ئەمینین."
ئەو بە ئاماژە کردن بەوەی کە ئەو و هاوسەرەکەی، موژگان ئیفتخاری و کوڕەکەیان ئەشکان ئەمینی، تا ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ئەم ساڵ ڕێگەی چوونە دەرەوەی وڵاتیان نییە، هەروەها ڕایگەیاند پێیان وتراوە ئەگەر دوای ئەم بەروارە قەدەغە کردنیان لابچێت، پاسپۆرتەکانیان پێ دەدرێتەوە.
ئەمجەد ئەمینی جەخت دەکاتەوە: "ئێمە تەنیا دەمانویست بۆ وەرگرتنی خەڵات سەفەر بکەین تەنانەت بلیتی گەڕانەوەشمان گرتبوو و جگە لەوە هیچ مەبەستێکی دیکشەمان نەبووە، بەڵام بە شێوەی نایاسایی ڕێگەیان لەو سەفەرە گرت."
پەرلەمانی ئەورووپا ٢٧ی ڕەزبەری ئەم ساڵ، خەڵاتی مافی مرۆڤی ساخارۆڤی بەخشییە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەئێران.
ئەم خەڵاتە بەرزترین خەڵاتی یەکێتی ئەوروپایە کە ساڵانە دەبەخشرێتە چالاکانی مافی مرۆڤ یان کۆمەڵێک چالاکیی مافی مرۆڤ.
پێشتر "نەسرین ستودە"، پارێزەر و چالاکی مافی مرۆڤی ناسروای ئێران و "جەعفەر پەناهی"، دەرهێنەر و ڕەخنەگری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٩١، براوەی ئەم خەڵاتە بوون.
جگە لە ژینا ئەمەینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دوو چالاکی مافی مرۆڤی نیکاراگۆئە و ئەو ژنانەی بۆ مافی دەستڕاگەیشتن بۆ لەباربردنی منداڵ لە لەهستان، ئێلسالوادۆر و ئەمریکا خەبات دەکەن، وەک بەربژێرانی کۆتایی ڕاگەیەندرابوون.
نێلسۆن ماندێلا، ئەلێکسی ناوالێنی، مەلالە یوسفزی، کوفی عەنان و هەواڵنێرانی بێسنوور، لە ساڵانی ڕابردوودا براوەی ئەم خەڵاتە بوون.
تێبینییەکەت بنووسە