وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە ئۆفیسی کۆنتڕۆڵی داراییە بیانییەکانی ئەم وەزارەتخانەیە و وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا لە هەوڵێکی هاوبەشدا گەمارۆیی نوێیان بە دژی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران، حەماس و جیهادی ئیسلامی جێبەجێ کرد.
پێنجشەمە ٢٣ی سەرماوەز وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکی جیادا بڵاوی کردەوە کە کۆمەڵێک گەمارۆی نوێی بە دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی پێنجشەمەدا جێبەجێ دەکرێت و ئەمەش دەسەڵاتی بەرفراوان دەداتە حکومەتی ئەم وڵاتە بۆ گوشار و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی ئێران.
لە ڕاگەیەندراوێکەی وەزاەتی دەرەوەی بریتانیادا هاتووە کە بەپێی ئەم بڕیارە، دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ لە کار خستنی هەوڵە تێکدەرانەکانی ئێران لە بریتانیا و سەرتاسەری جیهان زیاد دەکرێت، و بڕیاردەرانی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەنەکانیان دەکەونە ژێر گەمارۆوە، بەرهەمهێنانی درۆن لە ئێران و گواستنەوەیان بۆ وڵاتانی دیکە دەکرێتە ئامانج و بۆ هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا، فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران و کاربەدەستانی دیکەی ئێران کە پێوەندیان بە حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە هەیە گەمارۆ دەدرێن.
وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا ئاماژەی کردووە کە یەکێک لە ئامانجەکانی ڕژیمی گەمارۆی نوێ بە دژی ئێران بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەڕەشە بێ وێنەکانی کۆماری ئیسلامی لەوانە مەترسی خستنە سەر ئاشتی و ئەمنییەت لە سەرتاسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پیلانگێڕییە جۆراوجۆرەکانی دەستوپێوەنەکانی ئێران بۆ کوشتنی کەسەکان لە خاکی بریتانیا ئەنجام دەدرێت.
پێشتر دەیوید کامێرۆن، وەزیری دەرەوەی بریتانیا وتبووی هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی بۆ بریتانیا و هاوپەیمانەکانی "هەڕەشەیەکی قبووڵ نەکراوە". هەروەها ئاماژەی کرد کە بریتانیا بۆ هاوکاریی لەگەڵ ئەمریکا هەنگاویی یەکەمیی جێبەجێ کردنی گەمارۆ نوێکانی بە دژی پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە حەماس و جیهادی ئیسلامی ناوە.
یەکەم هەنگاو لە چوارچێوەی ڕژیمی نوێی گەمارۆکانی بریتانیا بە دژی ئێران گەمارۆدانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی قودسی سپای پاسداران بە هۆی "ڕۆڵی سەرکیی" ئەو لە ئۆپراسیۆنەکان لە دەرەوەی سنوورەکان و پشتیوانی لە گرووپە بە وەکالەتەکان لە ئاستی ناوچەیی و هەروەها سزای چەند بەرپرسی باڵای ئەم هێزە و نوینەرانی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە تاران جێبەجێ دەکرێت.
ئەم کەسانە بریتین لە محەمەد سەعید ئیزەدی، فەرماندەی لقی فەلەستینی هێزی قودس و فەرماندەی یەکەی ئۆپراسیۆن لە دەرەوەی سنوور بە ناوی ئەبوجیهاد؛ عەلی مەرشاد، مەجید زارعی و مستەفا مەجید خانی ئەندامی لقی فەلەستینی هێزی قودس؛ خالید قودومی؛ نوینەری حەماس لە ئێران و ناسر ئەبوو شەریف، نوینەری جیهادی ئیسلامی لە ئێران.
بەپێی ئەم بڕیارە سەرجەم داراییەکانی ئەم کەسانە دادەخرێت و سەفەر کردنیان بۆ بریتانیا لێ قەدەغە دەکرێت. جگە لەم کەسانە، لقی فەلەستینی هێزی قودسی سپای پاسدارانیش لە لیستی گەمارۆکانی بریتانیا دایە و داراییەکانیان دادەخرێت.
هەروەها وەزارەتی خەزێنەداوری ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆربەی ئەم کەسانە لەوانە ئیسماعیل قائانی و محەمەد سەعید ئیزەدی بە هۆی یارمەتیدانی حەماس و جیهادی ئیسلامی لەوانە بەشداریی کردن لە تۆڕی پشتیوانی دارایی لە چالاکییە "تیرۆریستییەکان و ناردنی چەک" بۆ ئەم دوو گرووپە پێشتر لە لایەن ئیدارەی کۆنتڕۆڵی داریییەکانی دەرەوەی ئەم وەزارەتخانەیە گەمارۆ درابوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا، مەجید زارعی، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی لقی فەلەستینی سپای قودس، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیا و بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی پێنجشەمە، خراوەتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.
تێبینییەکەت بنووسە