لە درێژەی چڕبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵە دادخوازەکان، "هەتاو ئەکرەمی" خزم و کەسی مێهران ئەکرەمی، لە گیان بەختکردووانی بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە شاری بوکان بە توندوتیژی دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، هێزە ئەمنییەکان ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردان، هەتاو ئەکرەمی، هاووڵاتیی کورد و ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان "بە توندوتیژی" لە شاری بوکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەکرەمی، نزیکەی بیست ئەندامی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دایک و باوکی هەتاو ئەکرەمی لە بۆکان و ئەم هاووڵاتییەیان بە توندوتیژی دەستبەسەر کردووە. هەروەها هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییە، ماڵی دایک و باوکی ناوبراویان بە تەواوی پشکنیوەتەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە خاتوو ئەکرەمی، ئامۆزای مێهران ئەکرەمی، یەکێکە لە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ژینا (مەهسا) کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا. مێهران ئەکرەمی لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی لە سەقز دەستبەسەر کرا و لە مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز گیانی بەخت کرد.
تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن، بارودۆخی هەتاو ئەکرەمی و تۆمەتە پاڵخراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
تێبینییەکەت بنووسە