بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "یوونس نەبیزادە" تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی عیسا خەڵکی گوندی "دەلو" سەر بە ناوچەی دزەی دۆڵی ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە دەرەوەی ماڵەکەی لە شاری ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتێکان پاش دەستبەسەرکردنی یوونس نەبیزادە، بە مەبەستی پشکنین هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی. جێگای ئاماژەیە، ئەم هاووڵاتییە کوردە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە چارەنووس، شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی یوونس نەبیزادە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
تێبینییەکەت بنووسە