بارەگای هەڵبژاردنی وڵات بە بڵاوکردنەوەی ئاگاداری ژمارە ٣، کۆدی هەڵبژاردنی کاندیدەکانی چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و تەمەنی دەنگدەرانی ڕاگەیاند.
بە پێی ڕاپۆرتی "ئیسنا"، "مەسعود پزیشکیان" کوڕی محەممەد عەلی بە کۆدی کاندیدی ٢٢، "مستەفا پورمحەممەدی" کوڕی حوسێن بە کۆدی کاندیدی ٣٣، "سەعید جەلیلی" کوڕی محەممەد حەسەن بە کۆدی کاندیدی ٤٤، "عەلیڕەزا زاکانی" کوڕی حوسێن بە کۆدی کاندیدی ٥٥، "ئەمیرحوسێن قازیزادە هاشمی" کوڕی سەید حەسەن بە کۆدی کاندیدی ٦٦و "محەممەدباقر قالیباف" کوڕی حوسێن بە کۆدی کاندیدی ٧٧، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی دیاریکران.
وەزارەتی ناوخۆ لەم ڕاگەیاندنەدا بیری هێنایەوە کە بە پشتبەستن بە بڕگەی (٢) لە مادەی (٣٦)ی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، تەمەنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی ئێستادا ١٨ ساڵی تەواوە. بۆیە هەموو ئەوانەی لە ٨ی پووشپەڕی ١٣٨٥ی هەتاوی و پێشتر لەدایک بوونە، دەتوانن بە هێنانی سجیل یان کارتی میلی لە ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی لە چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بەشداری بکەن.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆک کۆماری ساڵی ١٤٠٣، دوای مردنی "ئیبڕاهیم ڕەئیسی" و کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی و شاندی یاوەری لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ساڵێک پێش وادەی خۆی بەڕێوەدەچێت.
تێبینییەکەت بنووسە