ئیلهام چووبدار، چالاکڤانێکی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە، دانیشتووی شاری ورمێ کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و دواتر سزاکە هەڵوەشایەوە و سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکان مرۆڤ، لە ماوەی ڕابردوودا ئیلهام چووبدار، چالاکی کۆمەڵگەی کەمایەتییە ڕەگەزی و جێندەرییەکان لە ئێران، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٣ ساڵ سزای داسەپاو بەسەریدا، دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە.
ئەو هاووڵاتییە کە تەمەنی ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری ورمێیە، هاوینی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەیەکی هاوبەش وێڕای سارە (زارا) سدیقیهەمەدانی کە خەڵکی شاری نەغەدە بوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "فساد فیالارض" لە ڕێگەی "بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازی" و "بانگەشەی ئایینی مەسیحی" و هەروها پەیوەندیگرتن لەگەڵ ڕاگەیاندنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
دواتر ئەم سزایە لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و ئیلهام چووبدار ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی (١٣ی مارسی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی یەک مڵیارد تمەنی و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی هەنگاو بلاوی کردوونەتەوە، ناوبراو لە پاییزی ئەمساڵدا سزای سێ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر کراوە و هەنووکەش لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە.
تێبینییەکەت بنووسە