لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بۆکان لانیکەم سێ هاووڵاتی دیکەشیان دەستبەسەر کرد.
بەپێی ڕاپۆڕتی ئاژانسی کوردپا، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەشید ڕەحیمی"، "شەهرام نانەوا" و " زاهیر (پاشناو ناڕوون)" خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
دەگوترێت کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم سێ هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردوون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە کە پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئیدریس حاجیڕەسووڵپوور، برای محەممەد حاجیڕەسووڵپوور لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان ئازادی لە بۆکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هاوکات چوار هاووڵاتی خەڵکی گوندی «حاجیئاوا»ی سایینقەڵا بە ناوەکانی ڕەحمان خەسرەوی، عوسمان عەباسی، شەهرام سوڵتانی و هێمن عەلیزادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، دەیان هاووڵاتی، چالاک و هونەرمەندی کوردیان لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بە تۆمەتی بەڕێوەبردن یان بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بانگهێشت یان دەستبەسەر کردووە.
تێبینییەکەت بنووسە