یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لە داواکاری تایبەت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئازاد دەکرێت.
"پەرتۆ بورهانپوور" پارێزەری دادگوستەری، ئازادکردنی سەید "مێهدی موسەویان" گەنجێکی تەمەن ٣٢ ساڵ کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ تا ئەمڕۆ دەستبەسەر کرابوو، ڕاگەیاند.
ئەم پارێزەرەی دادگوستەری لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس (تویتەری جاران) نووسیویەتی: "خۆشبەختانە لە دۆسیەی سەید مێهدی موسەویان، گەنجێکی تەمەن ٣٢ ساڵ کە شەش ساڵ و نیو لەمەوبەر لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ لە فەڕۆخشاری سەر بە شاریکورد بە تۆمەتی کوێرکردنی یەکێک لە ئەفسەرانی پۆلیس لە ڕێگەی بەرد هاویشتن دەستبەسەر و دواجار سزای کوێرکردنەوەی بەسەردا سەپێندرابوو، ئەمڕۆ توانیمان ڕەزامەندی وەربگرین".
بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦، سەرەتا ناڕەزایەتییەکان لە دژی گرانی و بارودۆخی ئابووری لە شاری مەشهەد و شارەکانی دیکەی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی دەستیپێکرد. ئەم ناڕەزایەتیانە کە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە نزیکەی ١٠٠ شاری ئێران بەردەوام بوو، بە تووندی بوو بە سیاسی و ناڕازییان دژ بە سەرجەمی پێکهاتەکانی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دەدا.
لەو کاتەدا وەزیری ناوخۆ "ڕەحمان فەزڵی"، ژمارەی دەستبەسەرکراوەکانی بە زیاتر لە پێنج هەزار کەس ناوبرد.
تێبینییەکەت بنووسە