close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
بەندکراوان

پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە

۱۷ جۆزەردانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۳ خولەکدا
پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە
پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە

سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی ٤٥ ساڵانی کورد کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی ڕازینی وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ناوەڕاستی خاکەلێوەی ئەمساڵدا (سەرەتای ئاوریل) لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی ئەم مامۆستا کوردەی پەسەند کردووەتەوە، مامۆستا محەممەد خزرنژاد پێشتر لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد بەبێ ڕەچاوکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتباران، ئێستە لە بەندی وەرگرتنی ٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێدا ڕاگیراوە کە تایبەتە بەو بەندکراوانەی لە دۆخی هەڵپەسێردراو و نادیاردان.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وتبووی: «دادگای مامۆستا خزرنژاد لە چوار کۆبوونەوەی کورتدا کە دواهەمینیان لە گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بوو، بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و دادوەر بەبێ گوێگرتن لە ڕوونکردنەوە و بەرگرییەکانی تۆمەتبار و تەنها لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات، ئاوا سزایەکی بەسەردا سەپاندووە».

مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا (٢٠ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ١٤ مانگ دەستبەسەربوون، لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، محەممەد خزرنژاد لە قۆناغی دەستبەسەربووندا بۆ ماوەی ١٠٨ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە و بە زۆر گرتەیەکی ڤیدیۆییان لە دانپیانانەکانی هەڵگرتووە و وەک بەڵگە لەسەر دۆسیەکەیان داناوە. ئەم مامۆستایە هێندە قورس ئەشکەنجە دراوە کە تەنانەت دوای گواستنەوەیشی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئاسەواری ئەشکەنجەکان بەسەر لەشیەوە دیار بووە.

بەپێی کۆمەڵە بەڵگەیەک کە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، مامۆستا خزرنژاد لە هەر چوار کۆبوونەوەکەی دادگادا سەرەڕای ئەوەی دەرفەتی گونجاوی بۆ بەرگریکردن پێ نەدراوە، سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هەرهەموو  دانپێدانانەکان، لەوانە گرتەڤیدیۆییە تۆمارکراوەکە لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بە زۆر و لە ژێر ئەشکەنجەی قورسدا لێی وەرگیراوە. هەروەها گومانی خستووەتە سەر ئەهلییەتی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی خۆی و داوای کردووە لە دادگای تایبەتی مەلاکاندا دادگایی بکرێت.

ئەم مامۆستا کوردە لە کاتێکدا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ گرووپە مەزهەبییە توندڕەوەکاندا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە کە هەمیشە لە وتار و ئاخافتن و بەیاننامەکانیدا ڕەخنەی لە هەرچەشەنە توندڕەوییەکی مەزهەبی گرتووە و بەردەوام پێداگریی لەسەر لێکبوردن و ئاسانگیریی ئایینی کردووە.

محەممەد خزرنژاد لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان دەرگای ماڵەکەیان شکاندبوو و لەوپەڕی توندوتیژیدا پەلاماری مامۆستا خزرنژاد و ئەندامانی بنەماڵەکەیان دابوو. هەروەها یاسر خزرنژادی کوڕی مامۆستایشیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەستبەسەر کردبوو.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد دوای ئەوە دەستبەسەر کرا کە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەسعەد ڕەحیمی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە مزگەوتی ئیفتیخاریی بۆکاندا وتارێکی ڕەخنەگرانەی پێشکەش کرد. ئەم مامۆستایە دوای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە کاناڵە تێلێگرامییەکەی خۆیدا کۆمەڵێک بۆچوون و بابەتی بۆ پشتگیریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان و یادکردنەوەی گیانبەختکردوان بڵاو دەکردەوە.

هەروەها لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠١دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەیاننامەی ٢٦٦ مامۆستای ئایینیی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردن لە سەرهەڵدانی جەماوەری و شەرمەزارکردنی سەرکوتی توندوتیژی خەڵک لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە بڵاو کرایەوە کە مامۆستا خزرنژادیش یەک لە واژۆکەرانی بوو. لە بەیاننامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، وترابوو: «ئێمە وەک کۆمەڵێک لە مامۆستایانی سوننەی کوردستان، وێڕای ڕاگەیاندنی پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەوا و یاساییەکانی خەڵک، توندوتیژی و دەستبەسەرکردن و کوشتاری خۆپیشاندەران بە توندی شەرمەزار دەکەین و پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی هەموو خەڵکی بوێر و ستەملێکراوی ئێران دەکەین».

مامۆستا خزرنژاد لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ناچار کراوە واز لە ئەرکی بەرنوێژی لە مزگەوتە جیاوازەکانی سنە و بۆکان و گوندەکانی دەوروبەریاندا بهێنێت.

لە کۆتایی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (ناوەڕاستی فێبرییەی ٢٠٢٤) ژمارەیەک لە مامۆستایان و زانایانی ئایینیی سوننەی کوردستان لە دووتوێی نامەیەکی هاوبەشدا بۆ سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران، ڕایانگەیاندبوو کە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر مامۆستا محەممەد خزرنژاددا دوورە لە دادپەروەری و وێڕای ڕەتکردنەوەی هەموو تۆمەتە هەڵبەستراوەکان، داوای ئازادکردنی ئەم مامۆستا کوردەیان کردبوو.

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکومەت لە سنووری نەوسوود کوژرا

۱۷ جۆزەردانی ۱۴۰۳
کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکومەت لە سنووری نەوسوود کوژرا