بە پێی ڕاگەیاندنی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان "بە هەڕەشە و هەڵکێشانی دەمانچە" هاووڵاتییەکیان بە ناوی "ئەفسانە شاهی" لە شاری بۆکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.
ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هێرشیان کردە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەفسانە شاهی و ئەو شاخەوانە کوردەیان بە هەڕەشەی دەمانچە دەستبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەبێ باڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی دڕندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئافسانە شاهی و دەمانچەیان لەسەر بنەماڵەکەی و میوانەکانیان هەڵکێشاوە.
ئەفسانە شاهی، دوای دەستبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن یان تۆمەتە پاڵخراوەکان دژی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، هاووڵاتییەکی دیکەی بوکانی بە ناوی "هەتاو ئەکرەمی" خزم و کەسی مێهران ئەکرەمی، لە گیان بەختکردووانی بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بە توندوتیژی دەستبەسەر کردووە.
تێبینییەکەت بنووسە