close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ژنان

مانگرتنی هێمایینی سەکینە پەروانە بۆ یادی لەدایکبوونی عەلی موزەفەری

۱۴ گوڵانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
مانگرتنی هێمایینی سەکینە پەروانە بۆ یادی لەدایکبوونی عەلی موزەفەری لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی
مانگرتنی هێمایینی سەکینە پەروانە بۆ یادی لەدایکبوونی عەلی موزەفەری لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی

بەپێی راپۆڕتی ئاژانسەکانی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی هەینی ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، سەکینە پەروانە، زیندانیی سیاسیی کورد لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی "عەلی موزەفەری"دا، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی شاری قووچانی خوراسانی ڕەزەوی کە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا گیانی بەخت کرد، لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران بە شێوەی هێمایین و بۆ ماوەی ڕۆژێک مانی لە خواردن گرت.

عەلی موزەفەری، هاووڵاتیی کوردی ١٧ ساڵانی خەڵکی قووچان، ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە مەودای نزیکەوە کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزەکانی دژەشۆڕش و بە برینداری لە لایەن چەند هێزێکی جلوبەرگ مەدەنییەوە بە سەختی ئەشکەنجە درا.

دواتر هاوڕێیانی بردیانە نەخۆشخانە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بە هۆی خوێنلێچوونی زۆرەوە گیانی بەخت کرد.

ئەم زیندانییە سیاسییە کە بەم دواییانە لە زیندانی مەشهەدەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران، لە نامەیەکدا کە نوسخەیەکی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی:

 

«عەلی موزەفەری، مێرمنداڵی حەڤدە ساڵانی خەڵکی قووچان، تەنها چەند ڕۆژێک دوای کوژرانی ژینا، بە سێ گوللەی هێزە چەکدارەکان لە سەر شەقامێکدا کوژرا.

ئەگەر لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢) نەکوژرابا، ئێستە لە لای بنەماڵە و هاوڕێیانی جێژنی ١٩ ساڵەی لەدایکبوونی دەگرت.

عەلیم لە منداڵییەوە دەناسی، وەرزشکار بوو و لەو ساڵانەدا کە من لە زیندان بووم ببووە ئەندامی تیپی والیباڵی مێرمنداڵان و لەگەڵ یانەی سایپا پلەی دووهەمی بە دەست هێنابوو.

عەلیی خۆشەویست ئێستە ئیتر لامان نییە و بنەماڵەکەی مۆمی نۆزدەهەم ساڵی لەدایکبوونی لەسەر مەزارەکەی هەڵدەکەن.

بۆ هاوخەمی لەگەڵ ئەو بنەماڵانەدا کە منداڵەکانیان لە دەست داوە، لە ڕۆژبوونی عەلیدا بە نیشانەی دەنگهەڵبڕین و ناڕەزایی مان لە خواردن دەگرم. دەمەوێ دەنگی ستەملێکراوان بم، دەنگی مەرگی مەزڵوومانەی عەلی و هەموو ئەو مێرمنداڵانەی تاکەئاواتیان ژیانێکی باشتر بوو. هاوخەمیم قبووڵ بکەن و دڵنیا بن کە هەمیشە لە بیرتاندام.

سەکینە پەروانە، گوڵانی ١٤٠٣ (مەیی ٢٠٢٤)، زیندانی ئێڤینی تاران».

 

سەکینە پەروانە ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوە (٣ی ئاوریل) بە هۆکاری نادیار لە زیندانی مەشهەدەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پێشتر لەبەر ئەوەی بنەماڵەکەی دانیشتووی شاری قووچانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوین، داوای کردبوو بیگوێزنەوە بۆ زیندانی ئەم شارە.

سەکینە پەروانە، خەڵکی شاری قووچانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (٤ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لە ترمیناڵی مەشهەد لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە و ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوە (١٤ی ئاوریل) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی مەشهەد کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە سەرەتای خەرمانانی ١٤٠٢دا بەبێ پارێزەر لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەشهەد بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «پیلانگێڕی» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» دادگایی کرا و لە ڕەزبەری هەمان ساڵدا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بە گشتی سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای چەند حەفتەیەک لە لایەن لقی ٣٥ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوییەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

تێبینییەکەت بنووسە

ئێران

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا ٦٣ زیندانی لە سێدارە داوە

۱۴ گوڵانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا ٦٣ زیندانی لە سێدارە داوە