close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ژنان

بەردەوامبوونی نادیاری چارەنووسی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی

۷ خاکەلێوەی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۳ خولەکدا
وریشە مورادی (لای ڕاست) و پەخشان عەزیزی (لای چەپ)
وریشە مورادی (لای ڕاست) و پەخشان عەزیزی (لای چەپ)

وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) و پەخشان عەزیزی، ژنەچالاکی کورد کە لە ناوەڕاستی گەلاوێژی ١٤٠٢دا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی سنە و تاران دەستبەسەر کران، تا ئێستایش بە تۆمەتی "بەغی" و "ئەندامبوون لە دەستە یان کۆمەڵەکاندا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا لە زیندانی ئەوینی تاران ڕاگیراون.

دۆسیەی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بە ڕیز نێردراونەتە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی و لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری. ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی "بەغی" بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست ئەگەری سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەم زیندانییە سیاسیانەدا

بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوای تێپەڕینی نزیک بە ٨ مانگ لە دەستبەسەرکردنی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، ئەم دوو ژنە زیندانییە تا ئێستایش لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران ڕاگیراون و دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران هێشتا کاتێکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان دیاری نەکردووە.

ئەم دوو ژنە چالاکە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا کاتی دەرکردنی سزانامەکە و هەناردنی دۆسیەکە بۆ بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامی، لە مافی وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون. بەپێی سزانامەی ڕاگەیەنراو لە لایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئەمنیەتی ئێڤینەوە، داوای جێبەجێکردنی مادەکانی ٢٨٨ و ٤٩٩ی یاسای سزادانی ئیسلامی بۆ ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کراوە.

بەپێی مادەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی، «هەرکات ئەندامانی گرووپی باغی پێش تێکهەڵچوون و بەکارهێنانی چەک دەستگیر بکرێن، ئەگەر هێشتا ڕێکخستن و سەرکردایەتیی گرووپەکە مابێت سزای بەندکرانی پلە سێ و ئەگەر ڕێکخستن و سەرکردایەتیی گرووپەکە نەمابێت سزای بەندکرانی پلە پێنجیان بەسەردا دەسەپێت». هەروەها بەپێی مادەی ٤٩٩ی یاسای سزادانی ئیسلامی، «هەرکەسێک کە ئەندام بێت لە دەستە یان کۆمەڵە یان لقی کۆمەڵەیەکدا کە دەیهەوێ ئاسایشی نیشتمانی تێک بدات، سزای سێ مانگ تا پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا دەسەپێت مەگەر ئەوەی بسەلمێت ئاگای لە ئامانجەکانی ئەو گرووپ و دەستەیە نەبووە».

وریشە مورادی ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشان و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار لە ٢٠ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین. وریشە مورادی پێش ئەوەی ببێتە ئەندامی کەژار لە ڕۆژئاوای کوردستان لە شەڕی داعشدا بەشداریی کردووە و لە هێرشێکی داعشدا برینداریش بووە.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم ئەندامەی خۆیی لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی «سیاسی و ڕێکخستنی ژنان» لە کوردستاندا ڕاگەیاندبوو و داوای لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ کردبوو لە ئاست «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» و «سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەکان»دا دژ بەم چالاکە سیاسییە بێدەنگ نەبن.

پەخشان عەزیزی ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە شاری تاران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە ئازاد کران.

ئەم ژنەچالاکە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە. پەخشان عەزیزی بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

پەخشان عەزیزی وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ئەشکەنجە و گوشاری لێپرسەوەکاندا بۆ قبووڵکردنی تۆمەتەکان و دانپیانان لە بەردەم کامێرای تەلەڤیزیۆندا، چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرتبوو و وێڕای ڕەتکردنەوەی هەموو تۆمەتەکان، ڕایگەیاندبوو کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەک ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و وەرگێڕ لە ناوچەکانی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستاندا کاری کردووە.

لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دیداری ئەم چالاکە ژنەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا وەک هۆکار بۆ سەلماندنی تۆمەتە هەڵبەستراوەکان لە قەڵەم داوە.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و دەرچووی لقی کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تەباتەبایی تاران، لە ڕابردوویشدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٠٩) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاراندا کە دژ بە ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستاندا ڕێک خرابوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە دوای ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێشت و لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو.

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

کوردستان

بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە کوردستان، سەرەڕای ڕێگریی هێزە ئەمنییەکان

۶ خاکەلێوەی ۱۴۰۳
ایران‌وایر
بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە کوردستان، سەرەڕای ڕێگریی هێزە ئەمنییەکان